توێژینەوەیەك: هەژاریی دەبێتە هۆی زووتر پیربوونی مرۆڤ

زوو پیربوون
زوو پیربوون

K24 – هەولێر:

توێژینەوەیەکی ئەم دواییە پەیوەندییەکی نێوان کەمی داهاتی خێزان و شیبوونەوەی خێرای ماددە سپییەکانی ناو مێشکی مرۆڤی ئاشکرا کردووە.

مێشک بە پلەی یەکەم لە دوو ماددە پێک هاتووە، مادەی سپی و مادەی خۆڵەمێشی، لە کاتێکدا ئاستی "مادەی سپی" لەگەڵ تەمەندا کەم دەبێتەوە، بەڵام ژیان لە "هەژاریدا وا دیارە ئەم پرۆسەیە خێراتر دەکات".

ئەمەش لە ئەنجامی توێژینەوەیەکدا دەرکەوتووە کە لەلایەن تیمێکی توێژەرانی زانکۆی لۆزان و زانکۆی جنێڤ لەسەر 751 کەس کرا کە تەمەنیان لە نێوان 50 بۆ 91 ساڵیدا بوو.

ماددەی سپی مێشک چییە؟

ماددەی سپی شانەیەکە کە بەشەکانی مێشکی مرۆڤ دادەپۆشێت، هەروەها پێکهاتووە لە ڕیشاڵی دەمار کە پێیان دەوترێت ئەکسۆن کە خانەکانی دەمار بەیەکەوە دەبەستێتەوە.

مادەی سپی زۆر پێویستە کاتێک باس لە گواستنەوەی پەیام و سیگناڵەکان دەکرێت لە دەوروبەری مێشکدا، هەروەها بڕی بەردەستبوونی کاریگەری لەسەر توانای زیرەکی مێشک (IQ) هەیە.

دوای ئەوەی توێژینەوەکە بە لەبەرچاوگرتنی هۆکارەکانی وەک تەمەن و ڕەگەز و هەندێک کێشەی گەورەی تەندروستی، دەرکەوت ئەوانەی لە خێزانە هەژارەکانەوە هاتوون، مادەی سپی مێشکیان لە سکانی MRIـدا نیشانەکانی پیربوونیان زیاترە، هەروەها لە تاقیکردنەوەکانی (IQ)ئای کیودا نمرەی کەمتریان بەدەستهێناوە لە چاو ئەوانەی لە ماڵە دەوڵەمەندەکاندا دەژین.

پەیوەندی نێوان هەژاری و دابەزینی ئای کیو چییە؟

توێژەران ئاماژەیان بەوەکردووە، "ژیان لە هەژاریدا یان تێکچوونی شیرازەی کۆمەڵایەتی خێزان و کاریگەری لەسەر تاک" لە مێژە پەیوەندی بە خراپی تەندروستی و خێراتر دابەزینی (IQ)ئای کیودا هەیە.

زانایان بۆیان دەرکەوتووە ئەم نیشانانەی پیربوونی مێشک لە ماددە سپییەکان کاریگەری نەرێنی بەرچاویان لەسەر چالاکیی (IQ)ئای کیو ئەو کەسانە نەبوو کە داهاتی بەرزە و کێشەی ماددیان نییە.

پێدەچێت هەبوونی پارەی زیاتر وەک جۆرێک لە پاراستن لە دابەزینی (IQ)ئای کیو کاریگەر بێت، سەرەڕای ئەو گۆڕانە جەستەییانەی کە بەدی دەکرێت.