شەھێن تاڵەبانی چەند بەرھەمێكی نوێ بڵاو دەكاتەوە

لە كوردستان سەرقاڵی تەواو كردنی كارەكانە
kurdistan24.net

K24 - ھەولێر

خانمە ھونەرمەندی کورد شەھێن تاڵەبانی گەڕاوەتەوە کوردستان بە مەبەستی چەند کارێکی ھونەری نوێ لەگەڵ ئاوازدانەری کورد بورھان موفتی زادە، کە کارەکانی بریتیە لە چەند گۆرانییەکی نوێ، شەھێن تاڵەبانی تایبەت بە پرۆگرامی ھاشتاک-ی كوردستان24، باس لە بەرھەمە نوێییەكانی دەكات.

شەھێن تاڵەبانی، بۆ كوردستان24 ئاشكرای كرد: "ئێستا چوار بەرھەمی نوێم ھەیە، ئەگەر فریا بكەوم كارەكانم تەواو بكەم، گۆرانیە نوێیەكانم ھەر یەكە و بە ستایلێك گوتراوە، من ھیچ كات بە یەك ستایل گۆرانی ناڵێم".

شەھێن تاڵەبانی دەڵێت: "خۆشحاڵم ئەگەر رۆژ بە رۆژ ئاستی كارە ھونەرییەكانمان بگات بە ئاستێكی بەرز، بەڵام ئەو ھونەرەی كە من ئاوات دەخوازم لە كوردستان نیشان بدرێت نایبینم، راستە ھونەرمەند زۆر بوون و زۆر گۆرانی دەڵێن، بەڵام ئاستی گۆرانییەكان ئەوە نییە كە بمێنێتەوە بۆ گەلی كورد".

ئاماژەی بەوەشكرد: "ئەو كۆنسێرتانە لە كوردستان زۆر كەمن كە ھونەرمەندانی موزیكژەن لەگەڵ گۆرانیبێژ دابنیشن و میوزیكی جوان بژەنن، ھەر دەبیستم ئاھەنگە، ھیوادارم گرنگی بە كۆنسێرت بدرێت".

لەبارەی كاتی واز ھێنان لە گۆرانی گوتن، شەھێن تاڵەبانی گوتی: "ھەر كاتێك ھەست بكەم كە ناتوانم گۆرانی بڵێم دەوەستم".

ئەوەشی خستەڕوو: "خۆشەویستی جەماوەر بۆ من سەروەتێكی گەوەیە و لای من نرخی زۆرە".

ھ.م