چەند ساڵ لەمەوبەر بۆ یەکەمجار مرۆڤ خواردنی کوڵاندووە؟

لە کوێ پاشماوەی یەکەم کوڵاندنی خۆراک لە لایەن مرۆڤەوە دۆزراوەتەوە

K24 – هه‌ولێر:

کوڵاندن بەکتریای ناو خۆراک دەکوژێت و واش دەکات ئاسانتر خۆراکەکە هەرس بێت، بەڵام مرۆڤ کەی و لەکوێ یەکەم پرۆسەی کوڵاندنی خۆراکی ئەنجامداوە؟

کاندیس کۆپۆویتز، شوێنەوارناس، بە ماڵپەڕی بی بی سی گوتووە: "مرۆڤ 300 هەزار ساڵ لەمەوبەر بۆ یەکەمجار خواردنی کوڵاندنەوە، ئەمەش لە ئەشکەوتی قاسم لە ئیسرائیل بووە".

هەندێک لە توێژەران، بۆچوونی جیاوازیان هەیە و پێیان وایە، بۆ یەکەمجار مرۆڤ لە ئەشکەوتی وۆندەروێرک لە باشووری ئەفریقا خواردنی کوڵاندووە. بۆ ئەمەش لێکۆڵینەوەیان لە پاشماوەی ئاگری ئەو ئەشکەوتە کردووە و مێژووەکەی بۆ زیاد لە یەک ملیۆن ساڵ لەمەوبەر دەگەڕێتەوە.

تاکو ئێستا ئەو توێژەرانە دڵنیان نین ئەو ئاگرانە بۆ کوڵاندن لە لایەن مرۆڤەوە بەکارهاتبێت، بەڵام ئێسکی کوڵاو و چەند ماددەیەکی خۆراکیان دۆزیەوەتەوە.

لە ئێستادا، توێژینەوەی زیاتر دەکرێت تاکو شوێن و کاتی یەکەم کوڵاندنی خۆراک بە تەواوی بدۆزرێتەوە.

BBC

H.J