دایکی تاریقی بەقاڵ داوای لەسێدارەدانی بکوژانی کوڕەکەی دەکات

"هەوڵی رزگاکردنی بکوژان دەدرێت"

K24 – هه‌ولێر:

لە شاری سلێمانی کەمپینێک بۆ لەسێدارەدانی بکوژانی تاریقی بەقاڵ راگەیەندراوە و واژۆ بۆ پشتگیریکردن لە کەمپینەکە کۆدەکرێتەوە.

یەکێک لە خوشکەکانی تاریقی بەقاڵ کە لە کەمپینەکەدا ئامادە بوو و لەناو ئاپۆڕای خەڵک و دەنگی نەیدا داوای لە سێدارەدانی بکوژانی براکەی دەکات، دەڵێت، خەڵکی بە پلەی سەربازی جیاوازەوە لای بەرپرسە باڵاکان داوای لێخۆشبوون بۆ تاوانباران دەکەن.

دەشڵێت: "نامانەوێت بە هیچ بیانوویەک ئەو بکوژانە ئازاد بکرێن و داوای سزای راستەوخۆ دەکەین".

لە 18/12/2018، تاریقی بەقاڵ بێسەروشوێنکراو و کوردستان24یش لە بەدواداچوونێکیدا ئاشکرایکردبوو، کە تاریق بە ئۆتۆمبێلێکی جۆری تۆیۆتا ئەڤەلۆن بە تابلۆی 208705/سلێمانی لە نزیک گەراجی دووکانەکەی دیار نەماوە.

ئەو کاسبکارەی شاری سلێمانی، خێزاندار بوو، باوكی 4 منداڵ و تاقانه‌ی 10 خوشك بوو، لە 7/04/2019 هێزە ئەمنییەکانی سلێمانی دەستگیرکردنی باندێکی مەترسیداریان راگەیاند کە یەکێک لە تاوانەکەیان کوشتنی تاریقی بەقاڵ بوو؛ لە هەمان رۆژیش، تەرمی ئەو بێسەروشوێنکراوە دۆزرایەوە.

ئاسكه‌ فارس احمد، دایكی تاریقی به‌قاڵه‌ كه‌ واژۆی كردووه‌ و داوا ده‌كات بكوژانی كوڕه‌كه‌ی له‌ سێداره‌بدرێن، به‌ڵام له‌ سه‌ره‌وه‌ به‌ هه‌ڵه‌ نووسراوه‌ (دایكی بكوژ)
ئاسكه‌ فارس احمد، دایكی تاریقی به‌قاڵه‌ كه‌ واژۆی كردووه‌ و داوا ده‌كات بكوژانی كوڕه‌كه‌ی له‌ سێداره‌بدرێن، به‌ڵام له‌ سه‌ره‌وه‌ به‌ هه‌ڵه‌ نووسراوه‌ (دایكی بكوژ)

H.J