ئه‌و ئۆتۆمۆبیلانه‌ی له هه‌رێمه‌وه ده‌چنه كه‌ركووك دوو جار گومرگ ده‌كرێن
K24- هه‌ولێر:
به گوێره‌ی بڕیاری دەستەی دەروازە سنورییەکانی عێراق، هەر ئۆتومبێلێک کە لەدەروازە سنوریەکانی هەرێمی کوردستانەوە هاورده بكرێت، كاتێك ده‌گوازرێنه‌وه بۆ شاری كه‌ركووك دووباره گومرگ ده‌كرێنه‌وه، واتا دوو جار گومرک دەکرێن، به جێبەجێکردنی ئه‌و بڕیاره‌ش، به سه‌دان ئۆتۆمۆبیل لە دەروازەی گومرگیەکانی کەرکوک لەسەر ڕێگای هەولێر و سلێمانی ڕیزیان گرتوە، نەک هەر ئەمه، بەڵکو بەشێک له هاوڵاتیان گلەیی ئەوەش ده‌كه‌ن، تەنانەت به ئۆتۆمۆبێلی خۆشیان ئه‌گه‌ر ژماره‌یان كاتی بێت ئه‌وا داوای گومرگكردنیان لێ ده‌كرێت.
له‌مباره‌شه‌وه ئه‌حمه‌د عه‌سكه‌ری، ئه‌ندامی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک له‌باره‌ی ئه‌و بابەتەوە ده‌ڵێت: ده‌ستمان به هه‌ڵمه‌تێكی كۆكردنه‌وه‌ی ئیمزا كردووه بۆ لابردنی خاڵە گومرکێیەکان، بەڵام پێی دەچێت لابردنی ئه‌و خاڵە گومرگیانه لەدەسەڵاتی ئەوان گەورەتربێت.
زەرەمەندی یەکەم لەدانانی خاڵە گومرگیه‌كان هاوڵاتیانی کەرکوکن، بەو پێیەی ڕاستەوخۆ کاریگەری لەسەر بازاڕ جێ هێشتوە و ئه‌وان ده‌ڵێن، ئه‌و باجه‌ی له خاڵه گومرگییه‌كان وه‌رده‌گیرێت، نرخی كاڵاكانی له‌بازاڕ به‌رزكردووه‌ته‌وه و بووه‌ته بارگرانی له‌سه‌ر هاووڵاتیان.
ئه‌مه‌ش له‌كاتێكدایه، حکومەتی عێراق نیازێكی بۆ گه‌یشتنه رێككه‌وتن لەگەڵ بەرپرسانی هەرێمی کوردستان نیشان داوه، بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش شاندێكی دەروازە سنورێیەکان لەبەغداوە سه‌ردانی هه‌ولێری كردووه، بەڵام هێشتا نەگەشتونەتە هیچ ڕێکەوتنێک لەسەر هەڵگرتنی خاڵە گومرگیەکانی نێوان كه‌ركووك له‌گه‌ڵ هه‌ریه‌ك له هه‌ولێر و سلێمانی.
H.B