ئەمەریكا لەبارەی ئێرانەوە داوایەك لە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەكات

"دەبێ دیپلۆماسی بە دیپلۆماسی وەڵام بداتەوە"

K24 - ھەولێر

برایان ھووک نوێنەری تایبەتی ئەمەریکا بۆ کاروباری ئێران داوا لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەکات، داوا لە تاران بکەن کۆتایی بە گرژییەکان بھێنێت.

نوێنەری وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا بۆ کاروباری ئێران لە کوێتەوە لە كۆنفرانسێكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، پێوسیتە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی ھەوڵە دیپلۆماسیەکانیان بخەنەگەڕ و داوا لە ئێران بکەن دیپلۆماسی بە دیپلۆماسی وەڵام بداتەوە.

برایان ھووک گوتیشی: "بەرژوەندی ئێمە لەوەدا نییە بەشێوەی سەربازی رووبەڕووی ئێران ببینەوە و مەبەست لە ناردنی ھێز بۆ رۆژھەڵاتی ناوەڕاست تەنیا بۆ بەرگرییە نەوەکو شەڕ".

ھووك ئاماژەی بەوەشكرد، بەھۆی ئەو سزایانەی خستویانەتە سەر ئێران، كاریگەری ھەیە و ئێرانی لە ناوچەكە لاواز كردووە.

ھ.م