سەرۆك بارزانی و عه‌لی قه‌ره‌داخی بارودۆخی عێراق و ناوچه‌كه‌ تاووتوێ ده‌كه‌ن

باسی قۆناخی دوای ریفراندۆم ده‌كه‌ن

K24 - هه‌ولێر:

سه‌رۆك مه‌سعود بارزانی، پێشوازی له‌ دكتۆر عه‌لی قه‌ره‌داخی، ئەمینداری گشتیی یەكێتیی جیهانیی زانایانی موسڵمان كرد و له‌ كۆبوونه‌وه‌یه‌كیشدا هه‌ردوولا جه‌ختیان له‌ رەوایەتیی مافەكانی گەلی كوردستان و رەتكرنەوەی سەپاندنی زۆر و زەبروزەنگ بەسەر گەلی كوردستان كرده‌وه‌.

به‌ گوێره‌ی هه‌واڵێكی وێبسایتی تایبه‌تی سه‌رۆك بارزانی، له‌سه‌ر تۆڕی ئینته‌رنێت، ئه‌مڕۆ یەكشەممە 12ـی 8ـی 2018 لە سەڵاحەددین سەرۆك مەسعود بارزانی پێشوازی لە دكتۆر عەلی قەرەداخی ئەمینداری گشتیی یەكێتیی جیهانیی زانایانی موسڵمان و سەرۆكی رابیتەی ئیسلامیی كورد و شاندێكی یاوەری كرد، كە پێكهاتبوو لە سەرۆك و ئەندامانی دەستەی كارگێڕیی ڕابیتەی ئیسلامیی كورد.

به‌ گوێره‌ی هه‌واڵه‌كه‌، لە دیدارەكەدا بارودۆخی سیاسی و دوا پێشهاتەكانی عێراق و ناوچەكە و رووداوەكانی دوای ریفراندۆم تاوتوێ كرا و جەختیش لە رەوایەتیی مافەكانی گەلی كوردستان و رەتكرنەوەی سەپاندنی زۆر و زەبروزەنگ بەسەر گەلی كوردستان كرایەوە.

له‌ هه‌واڵه‌كه‌دا ئاماژه‌ به‌وه‌شكراوه‌، لەو كۆبوونەوەیەدا هەردوولا بیروڕایان لەبارەی هەڵبژاردنەكانی مانگی ئەیلوولی داهاتوو و پێویستیی كاركردن و دانانی بەرنامەی تۆكمە لە لایەن حكوومەتی هەرێمی كوردستان بۆ باشتركردنی ژیان و گوزەرانی هاووڵاتیان ئاڵوگۆڕ كرد.

ا. م