حه‌سه‌ن رۆحانی به مه‌رج ئاماده‌یی ئێران بۆ دانوستانكردن له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌ریكا راده‌گه‌یه‌نێت
K24- هه‌ولێر:
حه‌سه‌ن رۆحانی، سه‌رۆك كۆماری ئێران دووپاتیكرده‌وه، تاران ئاماده‌یه له‌گه‌ڵ واشنتن ده‌ست به دانوستان بكات، به‌و مه‌رجه‌ی ئه‌مریكا سزا ئابوورییه‌كانی له‌سه‌ر كۆماری ئیسلامی لا ببات و پابه‌ندی رێككه‌وتنی ئه‌تۆمی بێت.
رۆحانی جه‌ختی كرده‌وه، وڵاته‌كه‌ی ئاماده‌یه له‌گه‌ڵ واشنتن بچێته دانوستانه‌وه، به‌ڵام سه‌ره‌تا ده‌بێت ئه‌مریكا سزا و فشاره ئابوورییه‌كانی له‌سه‌ر ئێران لا ببات و ده‌بێت به راستی پابه‌ندی ئه‌و رێككه‌وتنه ئه‌تۆمییه‌ی نێوان ئێران و وڵاتانی 5+1 بێت، كه له ساڵی 2015 واژۆ كراوه.
ئه‌م گوتانه‌ی رۆحانی له وتارێكی ته‌له‌فزیۆنیدا هاتوون و گوتی: "له‌كاتێكدا كه باوه‌ڕمان به گفتوگۆ و دانوستان هه‌یه.. هه‌ر كاتێك سزاكان لابران و فشاره ئابوورییه‌كانیان به كۆتا هێنا، كه به‌سه‌ر ئێمه‌یاندا سه‌پاندووه و جارێكی دیكه گه‌ڕانه‌وه بۆ رێككه‌وتنی ئه‌تۆمی، ئه‌وكات ئێمه‌ش ئاماده‌ین له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌ریكا ده‌ست به هه‌ر جۆره دانوستانێك بكه‌ین، ئه‌گه‌ر ئه‌مڕۆش بێت و له هه‌ر شوێنێكیش بێت".
له‌لایه‌كی دیكه‌وه، هه‌ریه‌ك له به‌ریتانیا، فه‌ره‌نسا و ئه‌ڵمانیا له‌گه‌ڵ به‌رزبوونه‌وه‌ی ئاستی گرژییه‌كانی نێوان تاران و واشنتن، پابه‌ندبوونی خۆیان به رێككه‌وتنی ئه‌تۆمی راگه‌یاند.
به‌گوێره‌ی ئاژانسی هه‌واڵده‌ری رۆیته‌رز، له به‌یاننامه‌یه‌كی هاوبه‌شدا هه‌ریه‌ك له له‌نده‌ن، پاریس و به‌رلین وێڕای ترسیان له شكستهێنانی رێككه‌وتنی ئه‌تۆمی ئێران، به‌ڵام هه‌رسێ وڵاته‌كه پابه‌ندبوونی خۆیان به‌و رێككه‌وتنه نیشانداوه.
له‌و به‌یاننامه‌یه‌دا دووپاتكراوه‌ته‌وه، دوای هێرشه‌كانی كه‌نداوی عه‌ره‌بی و ئاڵۆزییه ئه‌منییه‌كانی ناوچه‌كه، هه‌رسێ وڵات زۆر نیگه‌رانن، هه‌روه‌ك جه‌ختیانكردووه‌ته‌وه، "ئێستا كاتی ئه‌وه‌یه به به‌رپرسیارانه ره‌فتار بكه‌ن و به‌دوای رێگه‌چاره‌یه‌كدا بگه‌ڕێن، بۆ كپكردنه‌وه‌ی ئاستی گرژییه‌كان و ده‌ستپێكردنی دانوستان".
هه‌رسێ وڵاته‌كه نیگه‌رانی خۆشیان له ئه‌گه‌ری شكستهێنانی یه‌كجاره‌كی ئه‌و رێككه‌وتنه نیشاندا، كه به‌ر له 4 ساڵ له رۆژێكی وه‌ك ئه‌مڕۆدا له‌نێوان ئێران و وڵاتانی 5+1 واژۆ كرابوو، ئه‌مه‌ش دوای ئه‌وه‌ی واشنتن له‌سه‌ر سه‌پاندنی سزای ئابووری به‌سه‌ر تاران‌دا به‌رده‌وامه و هه‌روه‌ها بڕیاری ئێران بۆ پاشگه‌زبوونه‌وه له‌و رێككه‌وتنه.
به‌یاننامه‌كه‌ی سێ وڵاته ئه‌وروپییه‌كه ئاماژه به‌وه‌ش ده‌كات، مه‌ترسی شكستهێنانی رێككه‌وتنه‌كه، لایه‌نه واژۆكاره‌كانی ئه‌و رێككه‌وتنه ناچار ده‌كات، ملكه‌چی ده‌رخسته و ده‌رهاویشته‌كانی بن، كه له ئه‌نجامی ره‌فتاره‌كانیان دێنه ئاراوه.
دوای بڕیاری دۆناڵد ترمپ، سه‌رۆكی ئه‌مریكا بۆ كشانه‌وه‌ی واشنتن له رێككه‌وتنی ئه‌تۆمی له ساڵی رابردوودا و هه‌روه‌ها گه‌ڕاندنه‌وه‌ی سزاكانی سه‌ر تاران، گرژی نێوان هه‌ردوو لا له لێواری ته‌قینه‌وه نزیك بوونه‌ته‌وه.
دوای ئه‌وه‌ی ئێرانیش وه‌ك وه‌ڵامدانه‌وه‌یه‌ك بۆ ئه‌مریكا، له مانگی رابدوودا بڕیاری پاشگه‌زبوونه‌وه له رێككه‌وتنه‌كه‌یدا و پاشانیش تاران ده‌ستی به به‌رزكردنه‌وه‌ی رێژه‌ی پیتاندنی یۆرانیۆم بۆ سه‌رووی ئاستی رێگه‌پێدراو كرد، ئاڵۆزییه‌كان پێیان ناوه‌ته قۆناغێكی ئه‌وپه‌ڕی مه‌ترسیدار.
H.B