رۆژنامه‌یه‌كی ئه‌مه‌ریكی سیناریۆكانی دوای ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه‌ی سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق ده‌خاته روو
K24- هه‌ولێر:
رۆژنامه‌یه‌كی ئه‌مه‌ریكی باسی ئه‌و سیناریۆیانه ده‌كات، كه پێشبینی ده‌كرێت له ئاینده‌دا و دوای ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه‌ی عادل عه‌بدولمه‌هدی، سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق رووبه‌ڕووی عێراق ببنه‌وه.
رۆژنامه‌ی "نیۆیۆرك تایمز"ی ئه‌مه‌ریكی له راپۆرتێكدا جه‌خت ده‌كاته‌وه، "به ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه‌ی عادل عه‌بدولمه‌هدی ئه‌و نیگه‌رانیانه ناڕه‌وێنه‌وه، كه به درێژایی 2 مانگی رابردوو ئه‌و وڵاته‌ی داگرتبوو".
رۆژنامه‌كه ئاماژه به‌وه‌ش ده‌دات، "ئه‌و خۆپێشاندانانه‌ی له ئه‌نجامی گه‌نده‌ڵی سیاسی و مامه‌ڵه‌ی حكوومه‌ت له‌گه‌ڵ خۆپێشانده‌ران شه‌قامی عێراقی گرتبووه‌وه، فشاری زۆریان له‌سه‌ر عادل عه‌بدولمه‌هدی درووست كرد و له‌ژێر ئه‌و فشارانه ناچار بوو ده‌ست له پۆسته‌كه‌ی بكێشێته‌وه"، كه به‌گوێره‌ی هه‌ڵسه‌نگاندنه‌كانی نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان و سه‌رچاوه پزیشكییه‌كان، تا ئێستا زیاتر له 400 كه‌س له خۆپێشاندانه‌كاندا كوژراون.
له‌كاتێكیشدا رۆژی شه‌ممه عادل عه‌بدولمه‌هدی ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه‌كه‌ی به فه‌رمی پێشكه‌شی په‌رله‌مان كرد و په‌رله‌مانیش ئه‌مڕۆ په‌سه‌ندی كرد، نیۆیۆرك تایمز له‌و باره‌یه‌وه ده‌ڵێت: "پرۆسه‌ی راسپاردن بۆ پێكهێنانی حكوومه‌تێكی نوێ به‌شێوه‌یه‌كی خێرا ده‌بێت، به‌ڵام ئه‌و بۆشاییه‌ی كه درووست بووه، ده‌بێته هۆی ئه‌وه‌ی كه به‌لایه‌نی كه‌م چه‌ند هه‌فته‌یه‌ك یانیش چه‌ند مانگێكی بوێت، بۆیه خۆشحاڵی خۆپێشانده‌ران له‌بار ده‌چێت به‌ر له‌وه‌ی هه‌ستی پێ بكه‌ن".
رۆژنامه ئه‌مه‌ریكییه‌كه نووسیویه‌تی: "عه‌بدولمه‌هدی و وه‌زیره‌كانی وه‌ك كاربه‌ڕێكه‌ر له حكوومه‌ت ده‌مێننه‌وه، تا ئه‌و كاته‌ی سه‌رۆك وه‌زیران گه‌وره‌ترین كوتله‌ی په‌رله‌مانی راده‌سپێرێت بۆ ناوزه‌دكردنی كه‌سێك بۆ پۆستی سه‌رۆكایه‌تی وه‌زیران، به‌ر له‌وه‌ی زۆرینه‌ی په‌رله‌مانتاران ناوی ئه‌و كه‌سانه په‌سه‌ند بكه‌ن، كه بۆ پۆسته وه‌زارییه‌كان پێشنیاز ده‌كرێن".
ئه‌و رۆژنامه‌یه باسی ئه‌وه‌ش ده‌كات، كه له‌وانه‌یه ده‌ستنیشانكردنی سه‌رۆك وه‌زیرانێكی نوێ پرۆسه‌یه‌كی دوورودرێژ و سه‌خت بێت له نێوان گروپه سیاسییه ركابه‌ره‌كان، چونكه وه‌ك ئاماژه‌ی پێ ده‌دات، "مێژووی پرۆسه‌ی سیاسی عێراق ئه‌مه‌ی پشتڕاستكردووه‌ته‌وه".
راپۆرته ئه‌مه‌ریكییه‌كه بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش هه‌نگاوه‌كانی پێكهێنانی حكوومه‌ت له ساڵی 2018 ده‌كاته نموونه، كاتێك "دوای هه‌وڵدانێكی زۆر بۆ پێكهێنانی حكوومه‌تی ئێستا، به‌رپرسانی ئێرانیش بۆ یارمه‌تیدان هاتنه سه‌ر هێڵ و دواجار عادل عه‌بدولمه‌هدی وه‌ك سه‌رۆك وه‌زیران، به‌رهه‌م ساڵح وه‌ك سه‌رۆك كۆمار و محه‌مه‌د حه‌لبووسی وه‌ك سه‌رۆكی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌ران ده‌ستنیشانكران".
سه‌باره‌ت به رۆڵی ئێران له‌م جاره‌ش، ئه‌و راپۆرته‌ی نیۆیۆرك تایمز ده‌ڵێت: "ده‌ستوه‌ردانی راسته‌وخۆی ئێران بۆ پێكهێنانی حكوومه‌تێكی نوێ بۆ عێراق ده‌بێته هۆی كێشه‌یه‌كی گه‌وره‌تر، ئه‌مه‌ش به له‌به‌رچاوگرتنی ئه‌و ناڕه‌زایه‌تییه‌ی خه‌ڵكی عێراق له خۆپێشاندانه‌كان له دژی ده‌ستوه‌ردانه‌كانی ئێران ده‌ری ده‌بڕن".
باسی ئه‌وه‌ش ده‌كات، "ئه‌گه‌ر به‌ڕوونی له هه‌ریه‌ك له عێراق و ئێران بڕوانین، هه‌ردووكیان خاوه‌ن زۆرینه‌ی شیعه مه‌زهه‌بن، به‌ڵام ئه‌مه ئه‌وه ناگه‌یه‌نێت، كه شیعه‌كانی هه‌ردوو وڵات له بیر و بۆچوونه‌كانیان هاوبه‌ش بن".
سه‌باره‌ت به ئه‌مه‌ریكاش ئه‌و رۆژنامه‌یه دووپات ده‌كاته‌وه، "هه‌رچی ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مه‌ریكایه، وێڕای ئه‌وه‌ی هیوای بۆ ئه‌وه ده‌خواست كه چاكسازی سیاسی له‌و وڵاته بكرێت، به‌تایبه‌ت رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی گه‌نده‌ڵی، به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا له‌گه‌ڵ مانه‌وه‌ی عه‌بدولمه‌هدی بوو له پۆسته‌كه‌یدا، ئێستاش به ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه‌ی سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق نیگه‌رانه و ئه‌گه‌ری ئه‌وه هه‌یه، دوای ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه‌كه‌ی خوێنێكی زیاتر له عێراق بڕژێت".
H.B