پارتی: له‌ كه‌ركووك له‌گه‌ڵ یه‌ك لیستییداین

لەگەڵ ئەوەداین كورد یەك دەنگ و یەك ھەڵوێست بێت

K24 – هه‌ولێر:

به‌رپرسی لقی 3ی پارتی دیموكراتی كوردستان، محه‌مه‌د خورشید، رایگه‌یاند، پارتی له‌گه‌ڵ یه‌ك لیستیی كوردییه‌‌ بۆ هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجوومه‌نی پارێزگای كه‌ركووك.

گوتیشی: وەك پارتی یەكەم حزب بووین داوای یەك لیستیمان كردووە بۆ ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاكان لە كەركووك.

هه‌روه‌ها گوتی: لەگەڵ ئەوەداین كورد یەك دەنگ و یەك ھەڵوێست بێت.

بەرپرسی لقی سێی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتیشی: بە تەلەفۆن قسەمان لەگەڵ لایه‌نه‌ كوردییه‌كان له‌ كه‌ركووك كردووه‌ و ھەڵوێستی خۆمان پێ راگەیاندن، كە لەگەڵ یەك لیستیداین و پێشنیازیشمان كرد كە ناوی لیستەكە گرنگە ناوی كوردستانی تێدابێت، بەڵام خۆشبەختانە ناوەكە راگەیەندراو بووە لیستی "كەركووك كوردستانییە". 

ئەمڕۆ حزبە كوردستانییەكان لە كەركووك، بە مەبەستی بەشداریكردن لە ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاكان كۆبوونەوە و لەسەر ئەوە رێككەوتوون، كە بە لیستی ھاوبەش بەشداری لە ھەڵبژاردنەكە بكەن.

بڕیاره‌ له‌ 1ی نیسان/ ئه‌پریڵی داهاتوو پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجوومه‌نی پارێزگاكانی عێراق به‌ڕێوه‌بچێت.