شارهوانیی رانیه ههڵمهتی دهستبهسهركردنی چێڵ و مهڕوماڵات دهست پێ دهكات
K24 - رانيه:
سەرۆکایەتیی شارەوانیی رانیە هەڵمەتی دەست بەسەرداگرتنی ئهو چێڵ و مەڕوماڵاتانهی دهست پێ كرد، كه بەرەڵای ناوشار کراون.
سەردار ئەحمەد، سەرۆکی شارەوانیی رانیە بە کوردستان 24ی راگەیاند، هەر کەسێک چێڵ بەڕەڵای ناو شار بکات، لەلایەن کرێکار و پۆلیسی شارەوانیيەوە دەست بەسەر دەکرێ.
روونيشی كردهوه، لە کاتی وەرگرتنەوەشی، خاوەنەکەی دهدرێته دادگا، بەو پێیەی شارەوانی پسوولەی سزای لەو جۆرەی نيیە، ناچار دەیاندەینە دادگا، تاکو سزای ماددیی خاوەنەکانیان بدرێت و بەڵێننامەیان لێ وەربگیرێ، کە جارێکی دیكه چێڵ و مەڕوماڵات بەڕەڵای ناو شار نەکرێنەوە.
ئاماژەی بەوەش کرد، بەڕەڵاکردنی مەڕوماڵات زیانی زۆری لە پاڕك و باخچە و گوڵ و سەوزایی ناوشار داوە و خەڵکی بە تەواوی بێزار کردووە.
سەرۆکی شارەوانیی رانیه جهختی كردهوه، كه لەساڵانی رابردوودا سەدان ملیۆن دیناريان لە پڕۆژەی سەوزکردنی ناو شار خەرج کردووە، كهچی ئێستا بەرەڵاکردنی چێڵ و مەڕوماڵات زیانی گەورەیان پێی گەیاندووە، جگە لەوەش سکاڵایەکی زۆری هاووڵاتیانيان بو دێت، کە وەك شارەوانی رێوشوێن بەرامبەر بەڕەڵاکردنی مەڕوماڵات بۆ ناو شار بگرنەبەر.
ئاشكراشي كرد، ئەمڕۆ 37 چێڵیان دەست بەسەر کردووە و خاوەنەکانیان دهدرێنه دادگا، دووپاتیشی كردهوه، رۆژانی داهاتوو هەڵمەتەکە بەردەوامیی دەبێت.
ئ. م