ئەنجومەنی وەزیران پەیڕەوی (پیادەکردنی پیشەی ژمێریاریی و وردبینی لە هەرێمی کوردستان) پەسەند کرد

ئەنجومەنی وەزیران جەختی لە سەر بەکارهێنانی موڵک وماڵی دەوڵەت و ئوتۆمبێلەکانی حکوومەت بۆ بەرژەوەندیی گشتی کردەوە
kurdistan24.net

K24 – هه‌ولێر: 

ئەمڕۆ چوارشەممە 2020/1/22، ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان بە سەرپەرشتیی مەسرور بارزانی، سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران و ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆک وەزیران، کۆبوونەوەی ئاسایی خۆی ئەنجام دا.

لە دەستپێکی کۆبوونەوەکەدا، پڕۆژەی پەیڕەوی ( پیادەکردنی پیشەی چاودێری و وردبینیی ژمێریاریی لە هەرێمی کوردستان - عێراق ) خرایە ڕوو، کە تایبەتە بە پیشەی ژمێریاریی یاسایی، کە کاری وردبینی لە بودجەی کۆمپانیاکان دەکەن، بە مەبەستی رێکخستنەوەی باج.

سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران جەختی لەوە کردەوە، وەک بەشێک لە هێڵە گشتییەکانی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، چاکسازیکردن لە داهات و بۆ رێگەگرتن لە خۆدزینەوە لە دانى باج و رەسمی گومرگی، کە بەشێکی داهاتی گشتی پێک دێنن، هەروەها لە پێناو گەیشتنی فەرمانگەکانی باج و گومرگ بە زانیاریی دروست سەبارەت بە داهاتی پڕۆژەکانی باجدەران، پێویستە دامەزراوەکانی حکوومەت و کۆمپانیاکانی کەرتی تایبەت بە شێویەکی پیشەییانە و لە چوارچێوەی یاساو رێنماییەکاندا وربینیی تەواو لە ژمێریارییەکانیاندا بکرێت، ئه‌مه‌ش بە هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی دارایی و ئابووری لە پێناو ئاسانکاریکردن لە کاروباری باجدا. هەروەها پەیمانگای باڵای پێگەیاندنی ژمێریار و وردبینانیش بخرێتە سەر وەزارەتی خوێندنی باڵا و تویژینەوەی زانستی، بۆ پێگەیاندنیان بە شێوازێکی ئەکادیمیانە و بە پێی پێوەرە زانستییەکان. دوای گفتوگۆکردن دەربارەی پڕۆژەی پەیڕەوەکە، ئەنجومەنی وەزیران بە کۆی دەنگ پەسەندی کرد. 

ئەنجومەنی وەزیران لە بڕگەیەکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا، جەختی کردەوە لە سەر بەکارهێنانی موڵک و ماڵی دەوڵەت و ئوتۆمبێلەکانی حکوومەت لە چوارچێوەی یاسا و رێنماییەکان، بە جۆرێک کە تەنیا لە خزمەتی بەرژەوەندیی گشتیدا بێت و لە کاتی مامەڵە پێکردنیشیان، رەچاوی یاسای فرۆشتن و بەکرێدانی موڵک و ماڵی دەوڵەت بکرێت.