مەسرور بارزانی پێشوازیی لە شاندێکی سەربازیی ئەمه‌ریکا كرد

میکانیزمی هەماهەنگیی ئەمنیی نێوان هێزەکانی پێشمەرگە و هاوپەیمانان تیشکی خرایە سەر

K24 – هه‌ولێر:

مەسرور بارزانی، راوێژکاری ئەنجوومەنی ئاسایش و راسپێردراو بۆ پێکهێنانی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، ئه‌مڕۆ پێشوازیی لە شاندێکی سەربازیی ئەمه‌ریکا بە سەرۆکایەتیی جەنەڕاڵ گریگۆری، سەرۆکی نووسینگەی هاوکاریی ئەمنیی عێراقی(OSC-I) کرد.

لە دیدارێکدا، وێڕای تاووتوێکردنی بارودۆخی سەربازیی و ئەمنیی عێراق و تەنگژەکانی ناوچەکە بەگشتی، پرۆسەی راهێنان و دابینکردنی پێداویستیی سەربازیی و چاکسازیی لە وەزارەتی پێشمەرگە و میکانیزمی هەماهەنگیی ئەمنیی نێوان هێزەکانی پێشمەرگە و هاوپەیمانان تیشکی خرایە سەر.

لەو دیدارەدا مەسرور بارزانی ئاواتی بەردەوامبوونی هاوکارییەکانی خواست، ئاماژەی بەوەش دا، ئەگەرچی توانا سەربازییەکانی تیرۆریستانی داعش تێکشکاوە، بەڵام جموجۆڵەکانیان لە پەرەسەندن دایە، هێشتا هەڕەشەیەکی بەردەوامن لەسەر سەقامگیریی و ئارامیی ناوچە رزگارکراوەکان.

لەلای خۆیەوە جەنەڕاڵ گریگۆری، وێرای ئاماژەدان بە رۆڵی پێشمەرگە لە شەڕی تیرۆریستانی داعش، دووپاتی لە پشتیوانییەکانی ئەمه‌ریکا بۆ رێکخستنەوە و ئەنجامدانی چاکسازیی لە ریزەکانی پێشمەرگە کردەوە.