گه‌نده‌ڵی عێراقییه‌كان نوقم ده‌كات
K24 - هه‌ولێر:
به‌هۆی بارانی به لێزمه چه‌ندین گه‌ڕه‌ك نوقمی ئاو بوون، ساڵانێكه عێراقییه‌كان ئه‌و كێشه‌یه‌ش به‌رۆكی گرتوون و گرفته‌كه‌ش بچووك نییه. هۆكاری بنه‌ڕه‌تی پشت ئه‌و كێشه‌یه بووه‌ته هۆی زیانگه‌یاندن به ئابووری وڵات و هاووڵاتیان، هۆكاره‌كه‌ش ئه‌و گه‌نده‌ڵییه‌یه كه دامه‌زراوه گشتییه‌كان به ده‌ستییه‌وه ده‌ناڵێنن.
بارودۆخی گه‌ڕه‌كه‌كان له یه‌كتری جیاوازن، له هه‌ندێك گه‌ڕه‌ك لافاو ماڵه‌كان نوقم ده‌كات، له هه‌ندێك گه‌ڕه‌كی دیكه بارانه‌كه ده‌بێته لافاو و به شه‌قامه‌كاندا ده‌ڕوات و رێگاكان داده‌خات، هه‌ندێك ناوچه‌ش نیو كاتژمێر بارانی مامناوه‌ندیشی به‌سه بۆ ئه‌وه‌ی نوقمی ئاو بێت، له هه‌موو بارودۆخێكدا ئێستا باران ئاماژه‌ی "نیعمه‌ت" نییه بۆ زۆر ماڵ و گه‌ڕه‌ك و ناوچه وه‌ك وه‌ی عێراقییه‌كان به‌رده‌وام به‌و چاوه ته‌ماشایان ده‌كرد، به‌تایبه‌تی پاش ئه‌وه‌ی لافاو بووه هۆی گیان له ده‌ستدانی چه‌ندین كه‌س له وڵاته‌كه‌دا.
به‌گوێره‌ی پێشبینییه‌كانی ده‌زگای كه‌شناسی، ماوه‌كانی داهاتوو بارانی به لێزمه زیاتر ده‌بێت. سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی ئه‌میندارێتی به‌غدا كه تایبه‌تمه‌نده به پێشكه‌شكردنی خزمه‌تگوزاری شاره‌وانی بۆ پایته‌خت، له به‌یاننامه‌یه‌كدا ته‌ئكیدی كردووه‌ته‌وه، ئاماده‌كارییه‌كانیان بۆ وه‌رزی بارانبارین به كۆتاهاتووه. به‌ڵام له به‌رامبه‌ردا ژماره‌یه‌ك له به‌رپرسان ده‌ڵێن: "ئه‌و ئاماده‌كارییانه بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی لافاو و بارانی به لیزمه به‌شی پێویست ناكات".
عه‌لی حه‌سه‌ن، به‌رپرسی شاره‌وانی له ئه‌میندارێتی به‌غدا به پێگه‌ی ئه‌لیكترۆنی رۆژنامه‌ی "العربي الجديد"ـی گوتووه: "ئه‌وه‌ی زۆربه‌ی گه‌ڕه‌كه‌كانی پایته‌خت پێویستی پێی هه‌یه، سه‌رله‌نوێ ئاماده‌كردنه‌وه‌ی بۆری ئاوی زێراب و ئاوی بارانه، چونكه هه‌ندێك گه‌ڕه‌ك ئاو له شه‌قامه‌كانی ده‌رناچێت و كۆده‌بێته‌وه و هاووڵاتیان له رێگه‌ی ئۆتۆمبێلی ئاوده‌ركه‌ر، ئاوی كۆڵانه‌كان به‌تاڵ ده‌كه‌نه‌وه".
ئه‌و به‌رپرسه ده‌ڵێت: "زۆر هۆكار له پشت ئه‌و بارودۆخه‌وه‌ن، دیارترینیان گه‌نده‌ڵی ئیدارییه، له عێراق چاودێری توند و وردی گه‌نده‌ڵكاران ناكرێت، پرۆژه‌كان له رێگه‌ی تۆڕێك به‌رپرسی گه‌نده‌ڵ ئه‌نجام ده‌درێن و له‌لایه‌ن كه‌سایه‌تییه سیاسی و پارته‌كان و میلیشیاكانه‌وه پاڵپشتی ده‌كرێن. ئه‌وانه ته‌نده‌ری پرۆژه‌كان وه‌رده‌گرن، به‌تایبه‌تی ئه‌وانه‌یان په‌یوه‌سته به ژێرخانی گه‌ڕه‌كه‌كان و هه‌ر ئه‌وانیش ده‌بێت به‌رده‌وام چاكی بكه‌نه‌وه‌و ئاوه‌ڕۆی زێراب و بۆرییه‌كانی ئاوی باران دابنێن، به‌ڵام ئه‌وانه ئه‌و كارانه به هه‌ڕه‌مه‌كی ده‌كه‌ن. پاره‌یه‌كی زۆر به‌هۆی ئه‌و پرۆژانه وه‌رده‌گرن بێ ئه‌وه‌ی كه‌س سوود له پرۆژه‌كه ببینێت و خێری بۆ خه‌ڵكی هه‌بێت".
عه‌لی حه‌سه‌ن ده‌ڵێت: "ئه‌گه‌ر گه‌نده‌ڵی نه‌بوایه، له ماوه‌ی چه‌ند ساڵێكی كه‌مدا ژێرخانی شاره‌كانی عێراق ده‌گۆڕا، ده‌بوونه نموونه‌ییی له رووی ژێرخانی ئاو و ئاوه‌ڕۆ، هه‌ر چه‌نده پاره‌ی زۆریش بۆ پرۆژه‌كان خه‌رج ده‌كرێت، به‌ڵام ده‌چێته باخه‌ڵی گه‌نده‌ڵكارانه‌وه".
تا ئه‌مڕۆ، سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی له كۆتایی مانگی ئۆكتۆبه‌ری رابردووه‌وه بارانبارین له چه‌ند ناوچه‌یه‌كی وڵات ده‌ستیپێكرد، چه‌ند گه‌ڕه‌كێكی كه‌می به‌غدا به‌ر لافاوه‌كه كه‌وتن، زۆری نه‌خایاند به‌هۆی ئه‌و زیانه گه‌وره‌یه‌شی پارێزگاكان له شه‌ڕی داعشدا لێیان كه‌وتبوو، به‌تایبه‌تی له مووسڵ چه‌ندین گه‌ڕه‌ك بوون به گۆماو و ئه‌گه‌ر به‌له‌مت پێ نه‌بووایه نه‌تده‌توانی بپه‌ڕیته‌وه ئه‌وبه‌ر.
چالاكێكی بواری به‌هاناوه‌چوون به رۆژنامه عه‌ره‌بییه‌كه‌ی گوتووه: "باران كاره‌ساتێكی دیكه‌یه بۆ سه‌ر كاره‌ساته‌كانی مووسڵ زیاد بووه، له به‌ری ده‌سته راستی مووسڵ كه نیمچه ویرانه و به‌شی كۆنی شاره‌كه‌یه و داعش تا دوا سات شه‌ڕی تێدا كرد، هێشتا هه‌ر وه‌ك خۆی وێرانه‌یه و پاشماوه‌ی ته‌رمی چه‌كداره كوژراوه‌كان له‌ژێر دار و په‌ردووی خانوو و باڵه‌خانه داڕووخاوه‌كاندا ماون، شاره‌كه پێویستی به گۆڕینی ژێرخانه‌كه‌یه‌تی، خه‌ڵكانێك گه‌ڕاونه‌ته‌وه ئه‌و وێرانه‌یه و ده‌ڵێن، له‌ناو كه‌لاوه‌كاندا بژین باشتره له‌وه‌ی له‌و ده‌شت له ناو قوڕاو و خێوه‌تێكدا بن. به‌ڵام لێره‌ش دیسان ماڵه‌كانیان نوقمی لافاو بووه‌ته‌وه‌و بۆری ئاو و ئاوه‌ڕۆكانیان پێویستی به گۆڕانكاریی ته‌واوه".
له پارێزگای ئه‌نباری رۆژئاوای وڵاتیش، هاووڵاتیان تێده‌كۆشن تا ژیان بگه‌ڕێننه‌وه ناوچه‌كانیان كه به‌م دواییانه رووبه‌ڕووی وێرانكاریی زۆر بووه‌یه‌وه به‌هۆی ده‌ره‌نجامی شه‌ڕه جۆراو جۆره‌كانه‌وه. ئه‌و پارێزگایه به مۆڵگه‌یه‌كی گرنگی داعش ناو ده‌برا، به‌تایبه‌تی رووبه‌ری پارێزگاكه زۆر فراوانه و جوگرافیای ناوچه‌كه له‌لایه‌ن داعشه‌وه بۆ خۆشاردنه‌وه‌و ته‌كتیكی و دابڕینی كه‌رته سه‌ربازییه‌كانی حكوومه‌تی عێراق به‌كارده‌هێنرا، ئه‌وه‌ش بووه هۆی نیمچه وێرانبوونی پارێزگاكه و به‌هۆی بارانێكی نیو كاتژمێریش گه‌ڕه‌كه‌كانی پارێزگاكه نوقمی ئاو بوون.
سه‌باح جه‌سام، یه‌كێك له دانیشتوانی شاری ره‌مادی ناوه‌ندی پارێزگای ئه‌نبار ده‌ڵێت: "هاووڵاتیان خۆیان ژیانیان بۆ پارێزگاكه گێڕایه‌وه پاش ئه‌وه‌ی به‌هۆی جه‌نگ وێران بوو، هه‌ڵمه‌تی خاوێنكردنه‌وه‌ی زبڵ و داروپه‌ردووی رووخاوی خانوو و باڵه‌خانه‌كانمان ده‌ستپێكرد، پاشماوه‌كانی جه‌نگمان فڕێ‌دا، ماڵ و شه‌قامه‌كانمان رێكخسته‌وه، ته‌نانه‌ت هاوكاریمان كرد تا قوتابخانه‌كان بخرێنه‌وه سه‌رپێی خۆیان و هه‌ڵمه‌تی كۆمه‌ك به‌خشینمان ده‌ستپێكرد و زۆر كاری دیكه‌شمان كرد".
هه‌روه‌ها ده‌ڵێت: "به‌هۆی ترومپای تایبه‌ته‌وه ئاوی ناو ماڵه نوقمبووه‌كانمان ده‌ركرده‌وه سه‌ر شه‌قام و كۆڵانه‌كان، به‌ڵام ده‌رباره‌ی ئه‌و كۆڵان و شه‌قامانه‌ی بوون به گۆماو، له توانای ئێمه‌دا نه‌بوو كارێك بكه‌ین، ئێمه ده‌زانین ئاوه‌دانكردنه‌وه‌و رێكخستنه‌وه‌ی پارێزگاكه‌مان تێچوویه‌كی زۆری ده‌وێت. ده‌زانین گه‌نده‌ڵییه‌كی زۆر كراوه له ساڵانی رابردوودا".
ئێستا لای جه‌سام، باران نیعمه‌ت نییه وه‌ك ئه‌وه‌ی پێشتر پێیان ده‌گووت، ئه‌وكاتانه‌ی عێراقییه‌كان له‌گه‌ڵ بارینیدا چێژیان له كه‌ش و هه‌واكه‌ی وه‌رده‌گرت و زه‌وی ده‌ژیانده‌وه‌و بۆ جوتیاران ده‌بووه خێر و سه‌رچاوه‌ی بره‌وی رزقیان، ئێستا هیواداره باران نه‌بارێت بۆ ئه‌وه‌ی خه‌ڵكی تووشی كاره‌سات نه‌كات".
به‌ڵام عه‌لی فه‌رحان، سه‌رۆكی لیژنه‌ی كشتووكاڵ له ئه‌نجوومه‌نی پارێزگای ئه‌نبار ده‌ڵێت: "لایه‌نه‌كانی شاره‌وانی شاره‌كه ته‌واوی هه‌وڵی خۆیانداوه بۆ ئه‌وه‌ی شه‌قام و كۆڵان و ماڵه‌كان نوقمی ئاو نه‌بن، ئه‌وان ئه‌و توانایه‌ی به‌رده‌ستیان بۆ به‌هاناوه‌چوونی خه‌ڵك به‌كاریده‌ھێنن".
فه‌رحان ده‌ڵێت: "داعش بووه هۆی ئه‌و وێرانكارییه گه‌وره‌یه له ژێرخانی پارێزگاكه‌دا، هه‌وڵی به‌رده‌وام هه‌یه له‌لایه‌نه حكوومییه‌كانه‌وه له پارێزگای ئه‌نبار و سه‌ڵاحه‌ددین، بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌و ناوچه وێرانبووانه ئاوه‌دان بكرێنه‌وه‌و كێشه‌كانیان چاره‌سه‌ر بكرێت".