ئەنجوومەنێکی باڵای میدیایی دادەمەزرێندرێت

سەندیکای رۆژنامەنووسان کار بۆ یەکخستنەوەی میدیاکان دەکات
kurdistan24.net

K24 - ھەولێر

سەندیکای رۆژنامەنووسانی کوردستان  پڕۆژەیەکی ئامادە کردووە، بۆ دامەزراندنی ئەنجوومەنی باڵای میدیای لە ھەرێمی کوردستان، تا سەرجەم تۆڕەکانی میدیا و دامەزراوەکانی میدیا یەک بخات. سکرتێری سەندیکای رۆژنامەنوەسانیش دەڵێت، پڕۆژەکە تەواوو بووە لە 14 ماددە پێکھاووە، ئەندامێکی پەرلەمانی کوردستانیش پێی وایە دروستکردنی ئەو ئەنجوومەنە کاری میدیایی لە ھەرێمی كوردستان سنووردار دەکات.

ئەنجوومەنی باڵای میدیا لە ھەرێمی کوردستان پڕۆژەیەکی سەندیکای رۆژنامەنووسانی کوردستانە ، بۆ رێکخستنەوەی بوارەكانی میدیا. ئێستا پڕۆژەکە  تەواوو بووە، سەندیکا ئامادەکاری دەکات کە پڕۆژەکە لە رێگە کۆنفڕانسێكە و رابگەیەنێت و دواتر رەوانەی پەرلەمانی کوردستانی دەكات.

ھەندرێن ئەحمەد، سکرتێری سەندیکای رۆژنامەنووسانی کوردستان بە كوردستان24ی راگەیاند: "دەمانەوێت ئەو ئەنجوومەنە كاری میدیایی رێكبخاتەوە لەو فەوزاییەی كە ئێستا تێیدایە، كە ئازادی كراوەتە پردێك بۆ فەوزاكە".

بەشێک لە ئەندامانی پەرلەمانتارانی كوردستان، بوونی ئەنجوومەنێکی لەم شێوەییە لە قۆناغی ئێستا بە گرنگ نازان و پێییان وایە ئازادیە میدیاییەکان لە كوردستان سنووردار دەکات.

لوقمان وەردی، ئەندامی پەرلەمانی كوردستان دەڵێ: "یاسای رۆژنامەگەری و یاسای بەدەستھێنانی زانیاریمان ھەیە، دەكرێ لە بواری میدیایی بەتایبەتی كاری تەلەڤزیۆن یاسای تر دەركەین، ھەروەھا بۆ رێكخستنی میدیای ئەلیكترۆنی یاسا پێشكەش بكەین، بەڵام لەئێستادا دامەزراندنی ئەنجوومەنی باڵای میدیای لە ھەرێمی كوردستان بە باش نازانم، چونكە پێم وایە سەرئەنجام دەبێتە سنوورداركردنی كاری میدیایی".

بەگوێرەی پڕۆژەکەی سەندیکای رۆژنامەنوسانی کوردستان ئەنجوومەنی باڵای میدیایی لە ھەرێمی كوردستان لە 14 ماددە پێکھاتووە، حەوت ئەندامی دەبێت  سەرۆکی ئەنجوومەنەکە لەلایەن پەرلەمانی کوردستانەوە ھەڵدەبژێردرێت بەگوێرەی ئەزموونی میدیایی و  ھەریەکە لە وەزارەتی رۆشنبیری و گواستنەوە و گەیاندن ئەندامێکیان لەم ئەنجومەنە دەبێت. ئەنجوومەنی دادوەریش ئەندامێک و رۆژنامەنووسێکی دیاریش بەگوێرەی رەچاوکردنی شارەزایی و تەمەن دیاری دەکرێت ئەمە جگە لەوەی نوێنەری دەزگا میدیاییەکانی  ئەندامیان دەبێت لەو ئەنجوومەنە و راوێژکارێکی ئەنجوومەنی وەزیرانیش لە ئەنجوومەنەکەدا راوێژی پێدەکرێت، راستەوخۆ ئەنجوومەنەکە سەر بە پەرلەمانی کوردستانە و دەسەڵات لە پەرلەمانەوە وەردەگرێت، بووجەی ئەنجوومەنەکەش لە 50% لە بوجەی پەرلەمان و 50% دیکەی لە كەناڵەكانی میدیا دابیندەكرێت.

ھ.م