تورکیا هەڕەشە لە وڵاتان دەکات

"هەر وڵاتێک پڕۆسەی گەڕان بە دوای نەوت لە رۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاست بکات بەرپەرچی دەدەینەوە"

K24 - ھەولێر

حكوومەتی توركیا رایدەگەیەنێت، رێگری لە هەر وڵاتێک دەکات كە پڕۆسەی گەڕان بە دوای نەوت و گاز دا بکات. لەو ناوچانەی سەر بە تورکیان لە رۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاست.

لەوبارەیەوە مەولوود چاوش ئۆغڵوو، وەزیری دەرەوەی تورکیا لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند "هیچ وڵاتێک بۆی نییە بێ رەزامەندی ئێمە چالاکی هەبێت و بە دوای نەوت بگەڕێت لە رۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاست".

چاوش ئۆغڵوو گوتیشی "تورکیا پڕۆسەی هەر وڵاتێک پەکدەخات ئەگەر بیەوێت لەو ناوچانە بە دوای نەوتدا بگەڕێت، و ئامادەیی تورکیاشی نیشاندا لەگەڵ یۆنان کۆبێتەوە بۆ چارەسەرکردنی ناکۆکییەکانی نێوانیان".

وەزیری دەروەوەی تورکیا دەشڵێت: "لەگەڵ دڵەڕاوکێکان نین، بەڵام بە گوێرەی یاسا نێودەوڵەتییەکان دەتوانین مافی هەردوو لایەن بپارێزین."

ئەمە لە کاتێکدایە، دوای دۆزینەوەی بڕێکی زۆر لە گازی سرووشتی، دڵەڕاوكێکان بەهۆی کێشەی سنوورە ئاوییەکان لەنێوان وڵاتانی رۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاست لە هەڵکشاندایە.