نێچیرڤان بارزانی: هه‌وڵه‌كانمان بۆ رزگاركردنی ئێزدییه‌كان له ده‌ستی داعش به‌رده‌وامه
K24 – هه‌ولێر:
سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، نێچیرڤان بارزانی، رایگه‌یاند، هه‌وڵه‌كانی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان بۆ رزگاركردنی كچ و كوڕانی ئێزدی له ده‌ستی داعش به‌رده‌وامه.
سه‌رۆكی حكومه‌ت ئه‌مڕۆ پێشوازی كرد له شاندێكی هه‌رێمی بادن ڤۆرتمبێرگی ئه‌ڵمانیا، له كۆبوونه‌وه‌یه‌كدا سوپاسی هاوكارییه به‌رده‌وامه‌كانی گه‌ل و حكوومه‌تی ئه‌ڵمانیا و هه‌رێمی بادن ڤۆتمبێرگ له كاته سه‌خته‌كاندا بۆ هه‌رێمی كوردستان كرد به‌تایبه‌تی له بواره‌كانی سه‌ربازی و مرۆیی‌دا.
نێچیرڤان بارزانی، به پێویستی زانی دوای قۆناغی شه‌ڕی داعش كاری هاوبه‌ش بۆ رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی بیرى توندڕه‌ویی داعش له ناوچه‌كه بكرێت.
شانده‌كه پێكهاتبوون له تیریسا باوه‌ر، وه‌زیری زانست و لێكۆڵینه‌وه. تێرێزا شۆپێر، وه‌زیری ده‌وڵه‌ت له هه‌رێمی بادن ڤۆرتمبێرگ. باربارا وۆڵف كونسوڵی گشتیی ئه‌ڵمانیا له هه‌رێمی كوردستان و چه‌ند په‌رله‌مانتارێكی په‌رله‌مانی هه‌رێمه‌كه.
شانده‌كه رۆڵ و قوربانیدانی خه‌ڵك و پێشمه‌رگه و حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستانیان له حه‌واندنه‌وه و پاراستنی ئاواره‌كان له مه‌ترسیی تیرۆر به‌رز نرخاند.
هه‌روه‌ها ئاماده‌ییی خۆیان بۆ هه‌ر هاوكارییه‌ك له‌گه‌ڵ حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له داهاتوودا پیشان دا.
له به‌شێكی دیكه‌ی كۆبوونه‌وه‌كه‌دا نێچیرڤان بارزانى سوپاسی ده‌ستپێشخه‌ریی هه‌رێمی بادن ڤۆرتمبێرگی كرد له چاره‌سه‌ركردنی منداڵ و كچانی رزگاركراوی ئێزدی له ده‌ستی داعش.
هه‌روه‌ها ئاماژه‌یدا، كه هه‌وڵه‌كانی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان بۆ رزگاركردنی كچ و كوڕانی ئێزدی له ده‌ستی داعش به‌رده‌وامه و تا كۆتاییش به‌رده‌وام ده‌بێت.