هەرێمی کوردستان بە تەنیشت کوژرانی قاسم سلێمانییەوە

Kurd24

سەری ساڵی نوێ لە لایەن زۆر کەسەوە بە شێوەی جیاواز پیرۆز کرا، بەڵام من پیرۆزبایم لە هاوڕێ دیبلۆماتکارە ئەمریکییەکەمەوە بەم شێوەیە لێکرا "دەستپێکی دەیەی دووەمی سەدەی بیستویەکت پیرۆز بێت"، ئەوەتا لە سێیەم رۆژی مانگدا گەورەترین چالاکی سیاسی ئەمریکا لە ماوەی پانزە ساڵی رابردوودا لە عێراق و رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا ئەنجامدرا. سەری ساڵێکی جیاواز، ئەمریکایەکی سیلاوی سارد و ئێرانێکی شێرپەنجەیی گەرم، چۆن لە کوژرانی ژەنراڵ قاسم سلێمانی تێبگەین؟ هەرێمی کوردستان چی بکات؟

بەرەبەیانی هەینی، 3ی کانونی دووەمی 2020، لە فرۆکەخانەی بەغدای پایتەختی عێراق و لە هێرشێکی ئاسمانیدا ژەنراڵ قاسم سولێمانی فەرماندەی سوپای قودسی ئێران و ئەبو مەهدی موهەندیس جێگری فەرماندەی حەشدی و ژمارەیەک لە هاوڕێکانیان کوژران.

دوابەدوای بڵاوبوونەوەی هەواڵەکە کاردانەوە جیاوازەکان دەستیانپێکرد. ئەمریکا هەر زوو ڕایگەیاند چالاکییەکە بە فەرمانی دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەمریکا  ئەنجامدراوە و لە بەرامبەریشدا عەلی خامنەئی رابەری شۆڕشی ئیسلامی ئێران ئەمریکای لە تۆڵەی توند ئاگادارکردەوە.

ئەمریکییەکان جگە لە تۆمەتی کوشتنی سەدان ئەمریکی و رۆژئاوایی لە جیهاندا لە چەند سەرچاوەیەکی جیاوازەوە، هۆکاری کوشتنی قاسم سولێمانییان راگەیاند، کە یەکەمین ئامانجی سلێمانی ئەوە بووە، کە سەرپەرشتی پرۆسەی سوتاندنی باڵیۆزخانەی ئەمریکا بکات و باڵیۆزخانەکە بە تەواوەتی بسوتێنێت و هێرشێکی گەورەی بکاتە سەر. دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکاش لە تویتێکی خۆیدا جەختیکردەوە "دەبوایە زووتر قاسم سولێمانی بکوژرایە".

بە سەرنجدانێکی راستەوخۆی بارودۆخی عێراق و خۆپیشاندانەکانی چەند مانگی رابردوو و دەستلەکارکێشانەوەی عادل عەبدولمەهدی سەرۆک وەزیران و هەڕەشەی دەستلەکارکێشانەوەی بەرهەم ساڵح سەرۆک کۆماری عێراق و ئەو بۆشایی و ئافاتە ئەمنی و سیاسییانەی عێراقی تێکەوتووە، سەرەداوی سیناریۆی جیاواز رووندەبێتەوە کە بە دڵنیاییەوە ئەم چالاکییە ئیتیلاعاتی و ئەمنییەیان لێکەوتەوە.

لە کۆی ئەو لێدوان و کاردانەوە جیاوازانەدا کە لەسەر کوژرانی قاسم سولێمانی کەوتنەوە، خوێندنەوەی جیاواز دەکرێت، سەرکردە عێراقییەکان رووداوەکەیان بە پێشێلکردنی سەروەری عێراق وەسفکرد، بەڵام جۆبایدن جێگری پێشووی سەرۆک کۆماری ئەمریکا رایگەیاند "ترەمپ شقارتەیەکی خستە ناو بەرمیلێک بارووتەوە."، هەروەک کەناڵی سی ئێن ئێن لە مانشێتێکی سەرنجڕاکێشدا نوسیویەتی: "زامنی نارنجۆکەکەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست ڕاکێشرا"، زۆرینەی وڵاتانیش داوای هێورکردنەوەی بارودۆخەکە و دانبەخۆداگرتنیان کرد، دۆناڵد ترەمپیش پێشنیارێکی ناڕاستەوخۆی پێشکەشی ئێرانییەکان کرد بەوەی کە ڕایگەیاند: " ئێران لە هیچ شەڕێکدا سەرکەوتوو نەبووە، بەڵام هەموو دانوستانەکانی بردووەتەوە" ئەوەش پەیامێکی ناڕاستەوخۆیە بۆ ئێران تاوەکو تاران لەبری کاردانەوە پێویستە پەنا بۆ دانوستان لەگەڵ ئەمریکا ببات.

قاسم سولێمانی كاربەدەستێكی باڵای هەواڵگریی و سەربازی ئێران بووە، رۆڵی بەرچاوی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا گێڕاوە، زۆربەی تەمەنی كاركردنی لە دەرەوەی ئێران بەسەر بردووە، کەسایەتییەکی جیاواز کە دوژمنەكانی رقیان لێیەتی و پێشی سەرسام بوون. سەرۆكی پێشوی دەزگای هەواڵگری ئیسرائیل پێیوابووە کە سلێمانی كەسێكە كە لەگەڵ هەموواندا پەیوەندی باشی هەیە، هەروەها جۆن ماگوایەر، كە ئەفسەرێكی پێشوی سی ئای ئەی لە عیراق باسیلەوەکردووە کە سلێمانی بە تواناترین كەسایەتی هەواڵگرییە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا و كەسیش ناوی نەبیستووە، لە ناو فەرماندە سەربازییەکانی عەرەبیشدا بە "کاریزمای تارمایی" ناسراو بووە.

رووداوی کوژرانی ژەنراڵ قاسم سولێمانی و موهەندیس بە وەرگەڕانێک لە ململانێی نێوان ئێران و ئەمریکا لە عێراق دادەنرێت کە لە ئێستادا لە جەستەیەکی شەکەت و وڵاتێکی نەخۆش زیاتر نییە. بەڵام ئەم رووداوەتان و پۆی هاوکێشەکانی زیاتر تێکەڵ کرد و پێشبینییەکانی ئاڵۆزتر کرد، لەگەڵ ئەوەشدا بێلایەنی بۆ کورد و عێراقییەکان بە گشتی و هێزەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە تایبەت سەختتر کرد.

پێشتر لە شیکارێکدا روونم کردبوویەوە (چاوی کورد -نۆڤەمبەری 2019) کە ئێران پێی وایە ئەمریکا دەیەوێت لە ناوچەکەدا پێنج خاڵی گرنگ بەرامبەر ئێران بەدەستبهێنیت کە ئەوانیش بریتین لە "کۆتاییهێنان بە ڕۆڵی ئێران لە ناوچەکەدا و دروستکردنی هاوپەیمانییەکی ناوچەیی بە سەرۆکایەتی ئیسرائیل و بەشداری کارای وڵاتانی عەرەبی لە ناوچەکەدا و یەکلاکردنەوەی بارودۆخی فەلەستین بۆ بەرژەوەندی ئیسرائیل، گۆڕینی سنورە جوگرافییەکان و نشینگە دیموگرافییەکان بە شێوەیەک بگۆڕدرێت کە گروپە بەرگریکارەکان هەرگیز نەتوانن ببنە هەڕەشە، لە کۆتاییشدا گۆڕانکارییە وابەستەکان لەسەر شێوازی دابەشکاری هێزی سەربازی و وزەی ناوەکی لە ناوچەکەدا، بە شێوەیەک ئیدارە بدرێن کە ئەمریکا بتوانێت بە تەواوەتی جێپێی رووسیا و چینی مەزن لە بازاڕەکەدا لێژ بکات".

لە کۆتاییشدا ئەوەی کە بۆ هەرێمی کوردستان گرنگە ئەوەیە، لەگەڵ ئەوەی کاردانەوەکان بۆ ماوەیەکی نادیار بەردەوام دەبن و کوردیش بەم شێوازە بێلایەنیەی دەستی داوەتێ بتوانێت ماوەیەک بەرگەی ئیحراجییەکان بگرێت، بەڵام بایەخدارتر بۆ کورد ئەوەیە، بتوانێت ئامادەگی زیاتر بنوێنێت.

بەرپرسانی ئەمنی کوردستان ئەرکی گەورەتریان لەسەرشانە و هەموو بەرپرسە گەنجە ئەمنییەکان دەتوانن دەستپێکی دەیەی دووەمی سەدەی بیست و یەک بکەنە دەرفەتی زێڕین، بۆ ئەمەش پێویستیان بە هەماهەنگی نێوانیان هەیە تا ئاستی ئاڵوگۆڕی زانیاری زیاتری نێوانیان و شیکردنەوەی ورد بۆ پێشهاتەکان و هەستان بە ئەرکی نەتەوەیی و کاریگەری خۆیان بۆ پاراستنی سەقامگیری ئەمنی هەرێمی کوردستان، بۆ ئەوەی پریشکی پێشهاتە ئەمنییەکان بەر گەلی کوردستان نەکەوێت، بە پێچەوانەوە  قورسایی ستراتیجی هەرێم زیاتر بکەن و دەرفەتی ستراتیجی نوێ بخەنە بەردەمی کورد لە ناوچەکەدا.