بڕیاری كۆتایی درا، له‌ نێوان نێیمار و مباپێ یه‌كێكیان ده‌ڕوات

ناسڕ خلێفی: یه‌كێكیان ده‌مێنێته‌وه‌ و ئه‌ویتریان ئازاده‌ و كه‌یفی خۆیه‌تی

ناسر خلێفی سەرۆکی قەتەری یانەی پاریس سانجێرمانی فرەنسی لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ رۆژنامەی لیکیپی وڵاتەکەی هەموو ئەو دەنگۆیانە رەتدەکاتەوە کە باسی لە پەیوەندیکردنی کلیان مباپێ بە ریزەکانی ریال مەدریدی ئیسپانیا دەکەن و هاندەرانی یانەکەشی دڵنیا دەکاتەوە کە ئەم یاریزانە بە هێچ شێوەیەک یانەکەیان جێناهیڵێت و ده‌رگای رۆیشتنیش له‌به‌رده‌م نێیمار ده‌كاته‌وه‌.

ناسر خلێفی سه‌رۆكی پاریس سانجێرمان ده‌ڵێت: ماوەیەکە دەنگۆی ئەوە بڵاوبۆتەوە کە گوایە کلیان مباپێ داوای لە ئێمە کردووە دەستبەرداری ببین بۆ ئەوەی پەیوەندی بە ریزەکانی یانەی ریال مەدریدی ئیسپانیاوە بکات، لێرەوە دەمەوێت هاندەرانی یانەکەم دڵنیا بکەمەوە لە سەدا 200 ئەو یاریزانە وەرزی داهاتوو لەگەڵ ئێمە بەردەوام دەبێت و تاوەکو ئێستاش هیچ داواکارییەکی لەم شێوەی لە ئێمە نەکردووە.

خلێفی گوتیشی: لەوانەیە چەند سەرچاوەیەک و راگەیاندکارێک بۆ بازار گەرمی خۆیان ئەم دەنگۆیانە بلاوبکەنەوە، بەڵام هیچ راستیەکی نییە و ئەو لەگەڵ ئێمە دڵخۆشە و هەرگیزی بیری لە جێهێشتنی یانەکەی نەکردۆتەوە.

له‌ لایه‌كی دیكه‌یشه‌وه‌، هه‌مان سه‌رچاوه‌ ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه‌ كردووه‌ كه‌ یانه‌ی پاریس سانجێرمان ئاماده‌یه‌ له‌م هاوینه‌ ده‌ستبه‌رداری نێیمار بێت و به‌ نرخێكی كه‌متریش بیفرۆشێت.

پێگه‌ی سپۆرتی كه‌ته‌لۆنیاش نووسیویه‌تی: بارتۆمیۆ له‌ هه‌وڵی گه‌ڕانه‌وه‌ی نێیمار دایه‌ و نرخه‌كه‌شی له‌ بازاری گواستنه‌وه‌ی یاریزانان بۆ 147 ملیۆن یۆرۆ دابه‌زیوه‌.