مەترسی دەكەوێتە سەر بۆری سه‌ره‌كی ئاوی هه‌ولێر
K24 - ھەولێر
به‌هۆی دروستكردنی، چه‌ندین كۆگا و باڵه‌خانه‌ی نایاسایی، له‌سه‌ر بۆری سەرەكی ئاوی شاری هه‌ولێر، له رۆژانی رابردوودا بۆری ئاوی ئیفراز، كه سه‌رچاوه‌ی سه‌ره‌كی ئاوی شاره‌كه‌یه زیانی زۆری پێگه‌یشت، ئه‌مه‌ش بووه هۆی كهمبوونهوهوهی پێدانی ئاو به ژماره‌یه‌ك له گه‌ڕه‌كه‌كان، جگه له‌و كۆگایه‌ی بووه هۆی زیانگه‌یاندن به‌و بۆرییه، چه‌ندین كۆگای دیكەی نایاساییش هه‌ن. به‌ڕێوبه‌ری ئاوی هه‌ولێر، ئاشكرای دەكات ھێشتا ئەو گرفتە بە تەواوی چارەسەر نەكراوە و سه‌رۆكی ئه‌نجوومه‌نی پارێزگای هه‌ولێریش باس له‌وه ده‌كات، له‌سه‌ر ئه‌و كێشه‌یه له‌لایه‌نه په‌یوه‌نداره‌كانه‌وه، هیچ زانیاری ته‌وایان به‌ده‌ست نه‌گه‌یشتووه، تا كاری له‌سه‌ر بكه‌ن.
لەوبارەوە عه‌لی ره‌شید، سه‌رۆكی ئه‌نجوومه‌نی پارێزگای هه‌ولێر بە كوردستان24 راگەیاند: "ئەو كێشەیەی كە سەریھەڵدا، دەتوانین بڵێین كێشەیەكی نوێ بوو، دیارە دروستكردنی چەند كۆگایەك لەسەر بۆری ئاو بووەتە ھۆی شكاندنی بۆرییەكە، ئەمەش بە زێدەڕۆیی حیساب دەكرێت، بۆیە لەسەر فەرمانگەی ئاوی ھەولێر پێویستە ھەرچی زووە راپۆرتێك لەوبارەوە پێشكەش بە ئەنجوومەنی پارێزگا و سەرووی خۆی بكات، بۆ ئەوەی بتوانین بە وردی بەدواداچوون لەسەر ئەو كێشەیە بكەین".
ھەر سەبارەت بە كێشەی ئاوی خواردنەوە لە ھەولێر، ئاری ئه‌حمه‌د، به‌ڕێوبه‌ری ئاوی هه‌ولێر دەڵێت: "لەسەر ئەو زێدەڕۆییانەی كە كراوە، پێشتر سەرووی خۆمان ئاگادار كردووەتەوە، بەتایبەتی ئەو شوێنەی كە بۆرییەكەی لێشكاوە، شەش مانگ پێش ئێستا بە نووسراوی فەرمی سەرووی خۆمان، لەو گرفتە ئاگادار كردووەتەوە، لە نووسراوێكدا بۆ قایمقامیەتی ناوەندی ھەولێر، جگە لە ئاگاداركردنەوە، داواشمان كردووە، كە ئەو زێدەڕۆییانە لابدرێن".
ھ.م