بڕیار لەسەر مەرزی سەرتك - پشتە دەدرێت

شاندێكی عێراق گەیشتە ھەرێمی كوردستان
kurdistan24.net

K24 - سلێمانی

دالیا كەمال، پەیامنێری كوردستان24 لە سلێمانی رایگەیاند: "بە مەبەستی بەدواداچوون و بڕیاردان لەسەر مەرزی سەرتك - پشتە، ئەمڕۆ شاندێكی حكوومەتی عێراق گەیشتە سلێمانی و بڕیارە سەردانی مەزرەكە بكەن و دوا بڕیار لەسەر مەرزەكە بدەن، یان بكرێت بە مەرزێكی فەرمی لەنێوان ھەرێمی كوردستان- ئێران، یان بە یەكجاری دابخرێت".

عه مید سالار عەبدوڵڵا، بەڕێوەبەری پاسپۆرت و نوێنەری مەرزەکان لەسنووری پارێزگای سلێمانی بە كورستان24 گوت: "پێشتر لەلایەن سەرۆك وەزیرانی عێراق بڕیاردرابوو كە لەماوەی سێ مانگدا ئەو مەرزە رێكبخرێت، ئەگەرنا دادەخرێت، بۆ ئەم مەبەستە ئەمڕۆ لیژنەیەك لە بەغداوە ھاتوون و سەردانی مەرزەكە دەكەن".

ھەروەھا شاكر جبووری، بەرپرسی گشتی دەروازە سنوورییەكان كە سەرۆكایەتی شاندەكەی عێراق دەكات، بە كوردستان24 راگەیاند: "دەمانەوێت بەو ئامەنجە مەرزی سەرتك - پشتە بكەینەوە كە بازگەی جۆری ھەبێت، پێشتر چەندین ئاستەنگ لەو مەرزە ھەبووە و بە مەرزێكی نافەرمی لە قەڵەمدراوە".

گوتیشی: "سەردانی ئەمڕۆمان بۆ چاودێری كردنی ئەو مەرزەیە، بۆ ئەوەی بزانین ھەنگاوەكان بە كوێ گەیشتوون و ئیش و كارەكانی كارگێڕی چۆن كراون، دواتر راپۆرتی خۆمان دەدەینەوە حكوومەتی عێراق و لەسەر راپۆرتەكە بڕیار دەدرێت، ھیوادارم بەرپرسانی كارگێڕی مەرزەكە جدی بن لە كارەكان، بۆ ئەوەی بڕیاری بە نێودەوڵەتی كردنی مەرزەكە بدرێت".

مەرزی سەرتك - پشتە، یەكێكە لە مەرزە نافەرمییەكانی نێوان ھەرێمی كوردستان و ئێران، ئەو مەرزە دەكەوێتە سنووری پارێزگای ھەڵەبجە و پێشتر بە بڕیاری حكوومەتی عێراق داخراوە، بڕیارە لە ئایندەیەكی نزیكدا بڕیار لەسەر ئەو مەرزە بدرێت، یان بكرێت بە مەرزێكی نێودەوڵەتی یان بە یەكجاری دابخرێت.

ھ.م