لە زۆربەی شارەكانی ئێران كۆنسێرتی ھونەرمەندانی ژن قەدەخەیە

ھونەرمەندانی ژن داوا دەكەن مۆڵەتیان پێبدرێت لە شارەكانی دیكەش كۆنسێرتی بەڕێوەببەن

K24 - ھەولێر

لە ئێران تەنیا لە شارەکانی سنە و تاران رێگە بە ژنان دەدرێ کۆنسێرت بەڕێوە ببەن و هونەرمەندانی ژن داوا دەکەن لە پارێزگاکانی دیکەش مۆڵەتی بەڕێوە بردنی کۆنسێرتیان پێبدرێ.

باران رەزایی، گۆرانیبێژی کوردی خەڵکی شاری کرماشان لە رۆژهەڵاتی کوردستان، بە ئاژانسی ئیلنای ئێرانی راگەیاندووە، گۆرانیبێژانی ژن لە هیچ شارێکی ئێران جگە لە سنە و تاران مۆڵەتی بەڕێوەبردنی کۆنسێرتیان پێ نادرێت.

رەزایی ئاماژەی بۆ ئەوەكردووە، تەنانەت لە شاری سنەش هونەرمەندێکی پیاو بە ھەفتەیەك مۆڵەتی بەڕێوە بردنی کۆنسرێت وەردەگرێ، بەڵام ئەم پڕۆسەیە بۆ گۆرانیبێژێکی ئافرەت چوار مانگی پێدەچێ.

بە پێی یاساکانی ئێران، ژنان دەتوانن تەنیا بۆ ژنان گۆرانی بڵێن و لە کۆنسێرتی گشتیشدا ژن دەتوانێ لەگەڵ پیاوێک هاوکات گۆرانی بڵێ.