جێگری ئه‌ردۆغان په‌یامێكی دڵنیاكه‌ره‌وه‌ ئاراسته‌ی بارزانی و خه‌ڵكی كوردستان ده‌كات

له‌سه‌ر بڕیاری ئۆپراسیۆنی سه‌ربازی له‌ ده‌ره‌وه‌ی سنووری توركیا دڵنیایی ده‌داته‌ خه‌ڵكی كوردستان

K24 - هه‌ولێر:

مه‌هدی ئیكه‌ر، جێگری سه‌رۆكی پارتی داد و گه‌شه‌پێدانی توركیا، په‌یامێك ئاراسته‌ی مه‌سعوود بارزانی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان و خه‌ڵكی هه‌رێمی كوردستان ده‌كات و ده‌ڵێت "بڕیاری درێژكردنه‌وه‌ی ئۆپراسیۆنی هێزه‌ سه‌ربازییه‌كانی توركیا بۆ ده‌ره‌وه‌ی سنوور، له‌ دژی ئێوه‌ نییه‌".

دوای ئه‌وه‌ی رۆژی شه‌ممه‌ 23/9/2017 په‌رله‌مانی توركیا به‌ زۆرینه‌ی ده‌نگ بڕیاریاندا بۆ ماوه‌ی ساڵێكی دیكه‌، سوپای توركیا ئۆپراسیۆن له‌ ده‌ره‌وه‌ی سنووره‌كانی ئه‌نجام بدات، ئیكه‌ر پاش ئه‌وه‌ی له‌ به‌رژه‌وه‌ندی بڕیاره‌كه‌ ده‌نگیدا گووتی: "بڕیاری درێژكردنه‌وه‌ی ماوه‌ی ئه‌نجامدانی ئۆپراسیۆن له‌ ده‌ره‌وه‌ی سنوور، له‌ دژی هه‌رێمی كوردستان نییه‌".

بڕیاره‌كه‌ی په‌رله‌مانی توركیا پێش دوو رۆژه‌ له‌ ئه‌نجامدانی ریفراندۆمی سه‌ربه‌خۆیی هه‌رێمی كوردستان، به‌ڵام چه‌ندین ساڵه‌ په‌رله‌مانی توركیا بۆ ئه‌نجامدانی ئۆپراسیۆن له‌ ده‌ره‌وه‌ی سنووره‌كان بڕیار ده‌دات، ده‌ستی سوپا واڵا ده‌كات و ئامانجی سه‌ره‌كی ئه‌و بڕیاره‌ بۆ رێگرییه‌ له‌ چالاكییه‌كانی پارتی كرێكارانی كوردستان له‌ ناوچه‌كه‌دا.

هه‌ر بۆیه‌ جێگری ئه‌ردۆغان له‌ پارتی داد و گه‌شه‌پێدان كه‌ كوردێكی شاری دیاربه‌كرەو پێشتر پۆستی وه‌زاری له‌ حكومه‌تی توركیا هه‌بووه‌‌ رایگه‌یاندووه‌: "په‌یامم بۆ به‌ڕێز مه‌سعوود بارزانی و خوشك و برایان له‌و ناوچه‌یه‌ ئه‌وه‌یه‌، ئه‌م بڕیاره‌ به‌ هیچ شێوه‌یه‌ك له‌ دژی خوشك و برایانمان له‌ هه‌رێمی كوردستان نییه‌، 14 سه‌ده‌یه‌ ئێمه‌ پێكه‌وه‌ ده‌ژین، پێكه‌وه‌ شارستانییه‌تمان بنیاتناوه‌، بێگوومان له‌وێ توركمان و عه‌ره‌ب و سریان و ئێزدییه‌كانیش هه‌ن و هه‌مووان پێكه‌وه‌ ده‌ژین".