"سینگڵێک" هەڕەشەی کوشتنی تەواوی کچانی زانکۆکەی دەکات

ئێف بی ئای و پۆلیس بە دوایدا گەڕاون

K24 – هه‌ولێر:

پۆلیسی شارا پرۆڤۆ لە ویلایەتی یووتای ئەمەریکا گەنجێک دەستگیر دەکات کە هەڕەشەی کوشتنی هەزاران کچی کردووە.

کریستۆفەر کلێاری تەمەن 27 ساڵ لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک، پۆستێکی کردووە تیایدا نووسیویەتی: "هەموو ئەوەی ئەم ویست، کچە هاوڕێیەک بوو، نەک 1000 کچە هاوڕێ، نەک دەیان لەشفرۆش، نەک پارە. من تەنها کەسێکم دەوێت کە خۆشی بوێم، کەس گرنگی بە من نادات".

هەر لە فەیسبووک نووسیویەتی: "تەمەنم 27 ساڵە و تاکو ئێستا خۆشەویستێکم نییە، هەرگیزیش سێکسم نەکردووە، بۆیە پلانم داناوە هێرشێکی هەڕەمەکی بکەمە سەر زانکۆ".

لە درێژەی هەڕەشەکانی دەڵێت: "من ئامادەم بمرم و هەموو ئەو کچانەشی رەتیانکردمەوە دەیانکوژم، هەر کچێک ببینم دەیکوژم".

دواتر، بەگوێرەی هەواڵێکی ئەی بی سی نیوز، نووسیویەتی: "هیچ شتێک لەوە مەترسیدارتر نییە کاتێک پیاوێک ئامادە بێت بمرێت".

پۆلیسی شارەکە لە رێگای مۆبایلەکەی شوێنەکەیان دۆزییەوە و لە رێستۆرانتێکی ماکدۆناڵندز لە شاری پرۆڤۆ دەستگیریانکردووە.

جیا لە پۆلیس، هێزە تایبەتەکانی پۆلیسی فیدڕاڵی، ئێف بی ئای، بەشداربوون لە دۆزینەوە و دەستگیرکردنی ئەو گەنجە سینگلە.

کریستۆفەر ئێستا لە ژێر چاودێرییە و بە کەفالەت ئازادکراوە، بەڵام بەهۆی هەڕەشەکانی، بڕە پارەیەک سزا دراوە.

H.J