نه‌شته‌رگه‌رییه‌كی 11 كاتژمێری ژیانی مێرمنداڵێك ده‌گۆڕێت
K24 - هه‌ولێر:
بۆ یه‌كه‌مجار گه‌نجێكی هیندی، توانی به شێوه‌یه‌كی ئاسایی چاوه‌كانی ببینێت، ئه‌ویش به‌هۆی لابردنی ئه‌و گرێ شێرپه‌نجه‌ییه‌ی مێشكی بووه به قه‌باره‌ی تۆپێكی تێنسی سه‌رزه‌وی، كه له كه‌للـه‌سه‌رییه‌وه هاتووه‌ته ده‌ره‌وه‌ی پێش چاوی گرتووه.
به گوێره‌ی رۆژنامه‌ی سه‌نی به‌ریتانیا، مانیكاندان ته‌مه‌ن 13 ساڵ، ماوه‌یه‌كی زۆره به‌ده‌ست ئه‌و گرێ شێرپه‌نجه‌ییه ده‌ناڵێنێت و وای لێهاتبوو له ماڵه‌كه‌ی نه‌ده‌چووه ده‌ره‌وه و زۆربه‌ی كات ته‌نها بووه.
تیمێكی پزیشكی پسپۆڕ، له نه‌شته‌رگه‌رییه‌كی 11 كاتژمێری‌دا، توانییان كه‌للـه‌سه‌ری ئه‌و گه‌نجه بكه‌نه‌وه و گرێ شێرپه‌نجه‌ییه‌كه ببڕین.
پزیشكان توانییان جارێكی دیكه كه‌لێنی چاوه‌كانی و رێڕه‌وی لووتی به شێوه‌یه‌كی درووست بكه‌نه‌وه، به‌مكاره‌ش شێوه‌یه‌كی نوێیان به رووخساری مانیكاندان به‌خشی كه له ویلایه‌تی كیرالای هیندستان ده‌ژی.
به هۆی ئه‌و گرێ شێرپه‌نجییه ناچالاكه، ئه‌و مێرمنداڵه هیندییه، نه‌چووه‌ته به‌ر خوێندن و له داهاتوودا بۆ یه‌كه‌مجار ده‌چێته قوتابخانه.
باوكی مانیكاندان كه جووتیاره ده‌ڵێت: "پێنج منداڵم هه‌یه هه‌موویان ته‌ندروستییان باشه و سرووشتین، ته‌نها ئه‌وه‌یان نه‌بێت، كه له‌گه‌ڵ له‌دایكبوونی ئه‌و گرێ شێرپه‌نجه‌ییه‌ی هه‌بوو و له‌گه‌ڵ هه‌ڵكشانی ته‌مه‌نیدا گه‌شه‌ی كردووه".
هه‌روه‌ها ده‌ڵێت: "به‌هۆی ئه‌و گرێیه رووخساری شێوابوو و نه‌یده‌توانی بچێته قوتابخانه و تێكه‌ڵاوی منداڵان ببێت، چونكه خه‌ڵك گاڵته‌یان به رووخساری ده‌كرد، به‌ڵام ئێستا مانیكاندان سووره له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی ژیانێكی نوێ ده‌ستپێبكات و بچێته به‌رخوێندن".