نمایشی درۆینەی پەیامنێرێک دەبێتە مایەی گاڵتەجاری ئەمەریکییەکان

ڤیدیۆکەی ملیۆنەها بینەری هەبووە

K24 – هه‌ولێر:

ڤیدیۆی پەیامنێرێکی کەناڵی (وێزەر چانێڵ) لەکاتی روماڵکردنی زریانی فلۆرێنس لە ویلایەتی نۆرس کارۆلینا دەبێتە مایەی گاڵتە و پێکەنینی ئەمەریکییەکان.

مایک سێیدل، پەیامنێرەکە، لەکاتی روماڵکردنی زریانەکە، خۆی وا نیشاندەدات کە رەشەبا و باران زۆر بێزاریان کردووە و بە بێ ویستی خۆی بەرەو لایەکی شەقامەکە رایدەکێشن، بەڵام هەر لە دوای خۆی، دوو کەس بە شۆرتەوە و بە ئاسایی پیاسەدەکەن، ئەمەش وایکردووە ملیۆنەها کەس تەماشای ڤیدیۆی ئەو پەیامنێرە بکەن و رەخنەی لێبگرن.

هەندێک لە بەکاربەرانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان گاڵتە بەو پەیامنێرە دەکەن و دەڵێن: "ئەو نمایشکردنە درۆینە شایەنی خەڵاتی ئۆسکارە".

زریانی فلۆرێنس مەترسی بۆ سەر ژیانی پێنج ملیۆن هاووڵاتی لە باشووری رۆژهەڵاتی ئەمەریکا دروستکردووە و تاکو ئێستاش پێنج کەس بەهۆیەوە گیانیان لەدەستداوە، حکوومەتی ئەمەریکاش باری لەناکاوی لە واشنتن و چوار ویلایەتی دیکەی ئەمەریکا راگەیاندووە.

‌H.J