زانکۆیەك پلەی ماستەر بە کۆمەڵێك سەگ دەبەخشێت

ھەندێك لە سەگەكان دەرناچن
https://k24mediaservice.streaming.mediaservices.windows.net/d8456cec-0bd3-42f2-84a7-3222f8bdb627/110718TQT.ism/manifest

K24 - ھەولێر

لە زانکۆیەکی تایبەت لە ئیتاڵیا سەگەکان لەسەر دۆزینەوەی دومبەڵان راهێنانیان پێ دەکرێت. کۆمەڵێك لە سەگەکان ئەوەندە شارەزا دەبن کە پلەی ماستەریان لەم زانکۆیە پێ دەبەخشرێت. بەڵام ژمارەیەکییان هەن کە دەرناچن. دومبەڵانی سپی هەرێمی ئاڵبای ئیتاڵیا لەبەر بۆن و بەرام و تامە خۆشەکەی زۆر بە نرخە و تەنیا 100 گرامی بە 350 یۆرۆ دەفرۆشرێت.

ئانتۆنیۆ دیجەکۆمی، سەرۆکی سەنتەری نیشتمانی بۆ لێکۆڵینەوە لە دومبەڵان دەڵێت: "دومبەڵانی سپیی هەرێمی ئاڵبا بە بۆنە توندەکەیەوە دەناسرێتەوە، بۆنێک کە رۆمانسییەت و دارستان و سرووشتت بەبیر دەهێنێتەوە و زۆر ورژێنەرە".

وەرزی کۆکردنەوەی دومبەڵان لە ناوەڕاستی ئەیلوول تا  کۆتایی کانوونی دووەم بەردەوام دەبێت. لەم وەرزەدا جۆڤانی بەردەوام رۆژانە لەگەڵ سەگەکانی دێتە ناو دارستانەکانی دەوروبەری شاری رۆدی دەکات بۆ دۆزینەوەی دومبەڵان. باپیرەی لە ساڵی 1880ەوە سەنتەرێکی تایبەتی بۆ راهێنانی سەگەکان بۆ دۆزینەوەی دومبەڵان کردووەتەوە و ناوی زانکۆی لێناوە. جۆڤانیش لەسەر رێچکەی بابوباپیرەی بەردەوامە. ئەو جۆرەها شێواز بۆ راهێنانی سەگەکانی سەر بە هەموو رەگەزێک بەکار دەهێنێت تا دومبەڵان بدۆزنەوە.

جۆڤانی مۆنکێرۆ، بەڕێوەبەری زانکۆی سەگەکانی دۆزەرەوەی دومبەڵان دەڵێ: "کارێکی زۆر سەرنجڕاكێشە. پێوەندیی بە خۆشەویستیی سەگەکانەوە هەیە. راهێنانێکی باش بە سەگێک دەکەێت و لە هەمان کاتدا چێژ لە سروشت وەردەگرێت، چونکە کاتەکەت بە هەناسەهەڵمژێن لەهەوای پاکدا بەڕێ دەکەێت".

لە دەستپێک دومبەڵانی راستەقینە یان تۆپێکی تێنیس کە رۆنی بۆنتیژی دومبەڵانی لەسەر دراوە، بۆ سەگەکان هەڵدەدەرێ و ئەوان بەئاسانی دەیدۆزنەوە و دەیگەڕێننەوە. دواتر بەرە بەرە قۆناغەکان سەختتر دەکرێن و دومبەڵانەکان لە بن گەڵا و دواتر لەژێر خاک دەشارێنەوە.

دومبەڵانی سپی بە گشتی کێشەکەی دەگاتە 20 گرام و هەندێکیان زۆر لە رووکەشی زەوییەوە دوورن. سەگەکان بە گشتی لە دووری 10 بۆ 20 مەتر بۆنی دومبەڵان دەکەن. هەندێک لە رەگەزەکانی سەگ زۆر لە دۆزینەوەی دومبەڵانەکان شارەزان و بەم بۆنەیەوە پلەی ماستەریان لە زانکۆکە پێ دەبەخشرێت. بەڵام هەندێکیان بە هیچ جۆرێک لەم زانکۆیە دەرناچن و زۆر بە ئەستەم دەتوانن دومبەڵان بدۆزنەوە. راهێنانی سەگەکانیش بە جووتە دەکرێت و هەر راهێنانێک نزیکەی 3 هەفتە و بۆ هەر سەگێک 400 یۆرۆی تێ دەچێت.