سێ به‌رپرسی باڵا باسی پێگه‌ی هه‌رێمی كوردستان له‌ پاش هه‌ڵبژاردن ده‌كه‌ن

به‌ دیبه‌یتی ئه‌و سێ به‌رپرسه‌ باڵایه‌ سه‌نته‌ری توێژینه‌وه‌و راپرسی كوردستان 24 ده‌ست به‌ كار ده‌كات

K24 - هه‌ولێر:

ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ 25/4/2018 له‌ یه‌كه‌مین چالاكی سه‌نته‌ری توێژینه‌وه‌و راپرسی كوردستان 24ـدا، دیبه‌یتێك بۆ سێ به‌رپرسی باڵای یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان و پارتی دیموكراتی كوردستان و یه‌كگرتووی ئیسلامی كوردستان ساز ده‌كرێت و باسی پێگه‌ی هه‌رێمی كوردستان له‌ دوای هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی عێراق ده‌كه‌ن.

دیبه‌یته‌كه‌ به‌ناونیشانی (پێگه‌ی هه‌رێمی كوردستان له‌ پرۆسه‌ی سیاسی عێراق دوای هه‌ڵبژاردنه‌كانی 2018)ـیه‌ و هه‌ر یه‌كه‌ له‌ مه‌لا به‌ختیار، لێپرسراوی ده‌سته‌ی كارگێڕیی مه‌كته‌بی سیاسی یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان، هوشیار زێباری ئه‌ندامی مه‌كته‌بی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان. هادی عه‌لی، سه‌رۆكی ئه‌نجوومه‌نی سیاسی یه‌كگرتووی ئیسلامی كوردستان به‌شدارن و قسه‌ی تێدا ده‌كه‌ن.

سه‌نته‌ری توێژینه‌وه‌و راپرسی كوردستان، ئه‌مڕۆ كاتژمێر 4:00ـی ئێواره‌ به‌كاتی هه‌ولێر ده‌كرێته‌وه‌و ئه‌نجامدانی دیبه‌یته‌كه‌یش هاوكاتی گه‌رمبوونی بانگه‌شه‌ی هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق و ئه‌و هه‌لومه‌رجه‌ نوێیه‌یه‌ كه‌ پاش رووداوه‌كانی 16ـی ئۆكتۆبه‌ر و شه‌ڕی داعش هاتوونه‌ته‌ ئاراوه‌.

ئێستا كه‌ عێراق و هه‌رێمی كوردستان به‌ره‌و "قۆناغێكی نوێ" له‌ پاش هه‌ڵبژاردن و شه‌ڕی داعش هه‌نگاو ده‌نێت. به‌شێكی زۆری لایه‌نه‌كانی هه‌رێمی كوردستانیش به‌ چڕی كار بۆ ئه‌وه‌ ده‌كه‌ن له‌ په‌رله‌مانی داهاتووی عێراق زۆرترین كورسییان هه‌بێت، به‌ڵام رووداوه‌كانی شه‌ش مانگی رابردووی كه‌ركووك و ناوچه‌ كوردستانییه‌كانی دیكه‌ی ده‌ره‌وه‌ی ئیداره‌ی هه‌ریم، مه‌ترسی جددی له‌سه‌ر پێگه‌ی سیاسی كورد له‌ به‌غدا درووست كردووه‌و له‌ ماوه‌ی رابردوودا، حكومه‌تی عێراق هه‌وڵی له‌ قاڵبدانی پێگه‌ی هه‌ریمی كوردستانی داوه‌و ژماره‌یه‌ك بڕیاریشی دژی خه‌ڵك و حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ده‌ركردووه‌. به‌هۆی ئه‌نجامدانی ریفراندۆمی سه‌ربه‌خۆیی كوردستان چه‌ندین سزا و ئابڵۆقه‌یشی به‌سه‌ر هه‌رێمدا سه‌پاند.

به‌هۆی ئه‌و بارودۆخه‌یشه‌وه‌ كۆمه‌ڵێك پرسیاری جددی له‌سه‌ر پێگه‌ی داهاتووی كورد له‌ به‌غدا درووست بووه‌و تا ئه‌ندازه‌ی بێ متمانه‌بوونی به‌شێكی هاووڵاتیان به‌ ده‌سه‌ڵاتدارانی عێراق رۆچووه‌. هه‌ر بۆیه‌ ئه‌و سێ به‌رپرسه‌ باڵایه‌ی یه‌كێتی و پارتی و یه‌كگرتوو له‌ دیبه‌یته‌كه‌دا زۆرترین قسه‌ له‌باره‌ی ئایینده‌ی پێگه‌ی هه‌رێمی كوردستان له‌ پرۆسه‌ی سیاسی عێراقدا ده‌كه‌ن".

دامه‌زراوه‌ی كوردستان 24 بۆ راگه‌یاندن و توێژینه‌وه‌، رۆژی 31/10/2015 ته‌له‌ڤزیۆن و وێب سایت و سوشیال میدیاكانی كوردستان 24 و دواتریش رادیۆی كوردستان 24 كه‌وتنه‌ كار و دوای نزیكه‌ی دوو ساڵ و نیو كاركردن، ئێواره‌ی رۆژی 25/4/2018 سه‌نته‌ری توێژینه‌وه‌و راپرسییه‌كه‌یشی ده‌ست به‌ كار ده‌كات و یه‌كه‌مین چالاكیشی به‌ دیبه‌تی ئه‌و سێ به‌رپرسه‌ باڵایه‌ی لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان ده‌ست پێده‌كات.

دیبه‌یته‌كه‌ به‌ شێوه‌یه‌كی راسته‌وخۆ ده‌گوازرێته‌وه‌و له‌ ته‌له‌ڤیزیۆن و وێب سایت و رادیۆ و سۆشیال میدیاكانی كوردستان 24 رووماڵ ده‌كرێت.