داخستنی ده‌روازه‌ی حاجی ئۆمه‌ران هه‌زاران كاسبكاری بێكار كردووه
K24- هه‌ولێر:
ماوه‌ی 88 ڕۆژه كۆماری ئیسلامی ئێران سنوره‌كانی به‌ڕووی كاری كۆڵبه‌ریدا داخستوون، یه‌كێك له‌و سنورانه كه بۆته سه‌رچاوه‌ی داهاتی هه‌زاران كاسبكار به‌تایبه‌ت كاسبكارانی ڕۆژهه‌لاتی كوردستان سنوری نێوان حاجی ئۆمه‌ران - پیرانشاره، كه‌به‌هۆی داخستنی كاری كۆڵبه‌ری زیاتر له ده هه‌زار كاسبكاری كورد له‌هه‌ردوو دیوی باشور و رۆژهه‌لاتی كوردستان بێكار ماونه‌ته‌وه.
ئه‌حمه‌د ره‌سول یه‌كێكه له‌وكاسبكارانه‌ی دوكانه‌كانی وه‌ك كۆگا به‌كاردێنیت بۆ ئه‌و كه‌لوپه‌لانه‌ی بۆ كۆڵبه‌ران ده‌هێنرێنه نزیك سنور، ئه‌و ماوه‌ی 15 ساله ئه‌و كاره ده‌كات و به‌هۆی داخستنی سنور به‌ڕووی كاری كۆڵبه‌ریدا, ماوه‌ی نزیكه‌ی "100" ڕۆژه كۆگاكانی كه ژماره‌یان "21" كۆگایه داخستوون.
به‌گوێره‌ی ئامارێك زیاتر له "4500" كاسبكاری ڕۆژهه‌لاتی كوردستان له‌سنوری نیوان حاجی ئۆمه‌ران - پیرانشار, خاوه‌نی كارتی كاركردنن وه‌ك كۆڵبه‌ر له‌گه‌ل ژماره‌یه‌كی زۆری بازرگان و شوفێرو خاوه‌ن فرۆشگا به‌تایبه‌ت له‌سنوری پیرانشار - شنۆ و گوند و ئاواییه‌كانی نزیك سنور، زیاتر له هه‌زار كاسبكاری وه‌ك بازرگان و كریكارو شوفێر له‌حاجی ئۆمه‌ران و ده‌ڤه‌ری باله‌كایه‌تی به‌گشتی تا ده‌گاته هه‌ولێری پایته‌خت، هه‌موو ئه‌و كاسبكارانه به‌داخستنی سنور له‌لایه‌ن ئیران به‌رووی كاری كۆلبه‌ریدا بێكار ماونه‌ته‌وه.