داوای دەست لەكاركێشانەوەی بەرپرسانی مەرزی باشماخ دەكرێت

بەھۆی ناڕەزایەتی دەربڕین 52 شووفێری بارھەڵگر لە سنووری باشماخ دەستگیر كران
kurdistan24.net

K24 - سلێمانی

چەند رۆژێکە زیاتر لە ھەزار شۆفێری بارھەڵگری نێوان ھەرێمی کوردستان و کۆماری ئیسلامی ئێران، دەستیان بە خۆپیشاندان کردووە و چەند داواکاریەکیان ھەیە لەوانەش لەسەر کارلابردنی ستافی ئیداری مەرزی باشماخ، بەوپێەی رێگریان بۆ دروست ئەکەن لەکاتی ھاتووچۆکانیان، لەگەڵ چەند داوایەکی دیکە، بەھۆی خۆپیشاندانەکانیشەوە 52 شۆفیریان لەلایەن ھیزە ئەمنیەکانەوە بۆ ماوەی شەو رۆژێک دەستگیركران.

شوفێران خۆپیشاندانەكەیان بۆ بەردەم ماڵی تاڵەبانی لە سلێمانی گواستەوە و رێگری لەمیدیاکان دەکرێت رووماڵی خۆپیشاندانەکە بکەن، شوفێران لەبەردەم ماڵی تاڵەبانی داوای جێبەجێكردنی داواكانیان دەكەن.

محەمەد جەبار، نوێنەری خۆپیشاندەران بە كوردستان24 گوت: "لە مەرزی باشماخ لە دیوی ئێران كێشەی زۆرمان بۆ دروست دەكرێت و لە دیوی خۆشمان ئاسایشی باشماخ ئاگادار و بەرپرسیاران بەرامبەر بەو رەفتارانە، بۆیە ھاتووین داواكارییەكانمان بگەیەنینە بەرپرسانی سلێمانی و پێیان بڵێین كە لە دەروازەی سنووری باشماخ زوڵمان لێدەكرێت و سوكایەتیمان پێدەكرێت".

لە بەرامبەردا ئەزوەر مەحموود، بەڕێوەبەری دەروازەی سنووری باشماخ بە كوردستان24 راگەیاند: "بە شوفێرانمان گوتووە داخوازییەكانیان بخەنەڕوو، ئێمە لە مانگی رابردوو لەگەڵ لایەنی ئێرانی كۆبووینەتەوە و پێمان گوتوون، كە ئێمە بەرگری لە مافی شوفێرەكانی خۆمان دەكەین".

مەرزی باشماخ  دەکەوێتە سنووری قەزای پێنجوین و دووەم مەرزی فەرمیە لە سنووری پارێزگای سلێمانی و ھاوسنوورە لەگەڵ شاری مەریوانی رۆژھەڵاتی کوردستان.