به‌رپرسێكی باڵای ئێران داوای دانووستانی تاران و واشنتن ده‌كات

"لایه‌نی دیكه‌ هه‌ن به‌ په‌له‌ن بۆ هه‌ڵگیرسانی شه‌ڕ"

K24 – هه‌ولێر:

سه‌رۆكی لیژنه‌ی ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی له‌ ئه‌نجوومه‌نی شوورای كۆماری ئیسلامی ئێران، داوای كرد، دانووستانی ئێران و ئه‌مه‌ریكا له‌ قه‌ته‌ر یان عێراق بكرێت بۆ ئه‌وه‌ی گرژی نێوان هه‌ردوو وڵات بڕه‌وێته‌وه‌.

حیشمه‌توڵڵا فه‌لاحه‌ت پیشه‌، له‌ هه‌ژماری خۆی له‌ تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تی تویته‌ر داوای دانووستانی نێوان هه‌ردوولای كردووه‌.

ئاماژه‌ی به‌وه‌شكردووه‌، لایه‌نێكی دیكه‌ هه‌یه‌، كه‌ په‌له‌یه‌تی بۆ ئه‌وه‌ی شه‌ڕ له‌ نێوان تاران و واشنتن به‌رپا ببێت.

ئه‌و قسانه‌ دوای ئه‌وه‌ هات، دۆناڵد تره‌مپ، سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكا رایگه‌یاندبوو، به‌مزووانه‌ ئێران ناچار ده‌بێت داوای دانوستان بكات.

تره‌مپ له‌ كاتی پێشوازیكردنیش له‌ ئوئلی ماوره‌ر، سه‌رۆكی سویسرا،  كه‌ ئێستا وه‌ك نێوه‌ندگیرێك له‌نێوان واشنتن و تاران رۆڵ ده‌گێڕێت، له‌ وه‌ڵامی پرسیارێكی رۆژنامه‌نووساندا گوتی: "خوازیارم شه‌ڕ روونه‌دات".

ئ. م