مه‌كدۆنیا واشنتنی كۆنتڕۆڵكردووه
K24 - هه‌ولێر:
ته‌نها به هه‌واڵی هه‌ڵبه‌ستراو، له شارێكی مه‌كدۆنیاوه كۆنتڕۆڵی واشنتن ده‌كرێت و به حه‌ز و ئاره‌زووی خۆیان، هه‌واڵی هه‌ڵبه‌ستراو، له باره‌ی كه‌سایه‌تییه ناسراوه‌كانی ئه‌مه‌ریكا بڵاوده‌كه‌نه‌وه.
"سارا پالین ده‌گوازرێته‌وه نه‌خۆشخانه"، "بێل كلینتۆن تووڕه ده‌بێت و دان به تاوانباری خۆیدا ده‌نێت"، ئه‌مانه دوو هه‌واڵی هه‌ڵبه‌ستراوه ئه‌و بانده مه‌كدۆنییه‌ن، كه بازرگانی به هه‌واڵی هه‌ڵبه‌ستراو ده‌كه‌ن، كه ته‌نها به خوێندنه‌وه‌ی ناوونیشانه‌كه‌ی، ناچارت ده‌كه‌ن كلیكیان له‌سه‌ر بكه‌ی و ناوه‌ڕۆكی هه‌واڵه‌كه بخوێنه‌وه.
ته‌له‌ڤزیۆنی سی ئێن ئێنی ئه‌مه‌ریكی، له راپۆرتێكدا ئاشكرای ده‌كات، چه‌ند گرووپ و باندێك له شاری ڤالسی مه‌كدۆنیا، ته‌واوی كاتی خۆیان بۆ ئه‌و كاره ته‌رخان كردووه.
وه‌ك له راپۆرته‌كه‌دا هاتووه، یه‌كێك له‌وانه‌ی ئه‌و كاره ده‌كات، ده‌ڵێت، ئه‌كاونتی فه‌یسبووك به چه‌ند دۆلارێك، یاخود یۆرۆیه‌ك له منداڵان ده‌كڕنه‌وه و بۆ ئه‌و كاری سوودی لێوه‌رده‌گرن.
ئاماژه به‌وه‌ش ده‌كات، ئه‌گه‌ر ئه‌كاونتێكی ساخته له فه‌یسبووك درووست بكه‌ین، راسته‌وخۆ دوای 24 كاتژمێر له‌لایه‌ن تیمی فه‌یسبووكه‌وه ره‌شده‌كرێته‌وه، بۆیه به چه‌ند یۆرۆیه‌ك له منداڵان ده‌یكڕن و ته‌واوی ناوه‌ڕۆك و زانیاری ئه‌كاونته‌كه و ناوه‌كه‌ی ده‌كه‌نه ئه‌مه‌ریكی و دواتر بۆ درووستكردنی په‌یجی فراوانی فه‌یسبووك، كه ژماره‌ی فانه‌كانی ده‌گاته سه‌رووی ملیۆن لایك به‌كاریده‌هێن.
هه‌روه‌ها ده‌ڵێت: "هه‌موو كاره‌كه په‌یوه‌ندی به پاره‌وه هه‌یه".
راپۆرته‌كه‌ی ئه‌و ته‌له‌ڤزیۆنه ئه‌مه‌ریكییه، ناسنامه‌ی ئه‌و كه‌سه‌ی ئاشكرا نه‌كردووه كه ئه‌و كاره ده‌كات، به‌ڵام له زاری ئه‌وه‌وه بڵاویكردووه‌ته‌وه، به‌رده‌وام كار له‌سه‌ر ئه‌وه ده‌كات، وێبسایتێك بۆ كاتی هه‌ڵبژاردنی ئه‌مه‌ریكا ئاماده‌بكات، بۆ ئه‌وه‌ی زۆرترین هه‌واڵی هه‌ڵبه‌ستراو، بڵاوبكاته‌وه.
وه‌ك راپۆرته‌كه ئاماژه‌ی بۆ كردووه، ئه‌و كه‌سانه كار له‌سه‌ر درووستكردنی په‌یجێكی گه‌وره‌ی فه‌یسبووك ده‌كه‌ن و له‌وێوه هه‌واڵی هه‌ڵبه‌ستراوی وێبسایته‌كه بڵاوده‌كه‌نه‌وه، هه‌رچه‌ند كلیكی زیاتر له‌سه‌ر هه‌واڵه‌كه بكرێت، پاره‌ی زیاتریان ده‌ست ده‌كه‌وێت.
له باره‌ی بڵاوكردنه‌وه‌ی ئه‌و جۆره هه‌واڵانه‌ش، یه‌كێك له‌و گه‌نجانه ده‌ڵێت: "نازانم هه‌واڵه‌كه راسته یان نا، گرنگیش نییه به‌لامه‌وه، چونكه ئامانجی من پاره‌یه نه‌ك شتی دیكه".
له باره‌ی شانازیكردن به‌و كاره‌شییه‌وه، گه‌نجه‌كه ده‌ڵێت، ته‌مه‌نم 22 ساڵه و هێنده پاره‌م كۆكردووه‌ته‌وه، كه هیچ كه‌سێك له وڵاته‌كه‌ی مندا، به ته‌واوی ژیانی ده‌ستی ناكه‌وێت، بۆیه به‌ڵێ شانازی به‌و كاره‌وه ده‌كه‌م.
په‌یامنێری سی ئێن ئێن پرسیار له شاره‌داری ڤالس ده‌كات و ده‌ڵێت: "گه‌نجه‌كان به‌و كاره ڤالسیان خستووه‌ته سه‌ر نه‌خشه، ئایا ئێوه شانازی به‌و كاره‌یان ده‌كه‌ن؟"، له به‌رامبه‌ردا سلاڤیكۆ كادیڤ، شاره‌داری ڤالس ده‌ڵێت: "هه‌موومان به‌دوای ئه‌وه‌ین شاره‌كانمان بكه‌ینه شارێكی به‌ناوبانگ، وابزانم ناوبانگیش گرنگه، به‌ڵام گرنگ ئه‌وه‌یه ئه‌و گه‌نجانه هیچ كارێكی پێچه‌وانه‌ی یاساكانی مه‌كدۆنیا ناكه‌ن".
هه‌روه‌ها ده‌ڵێت: "له رووی ئه‌خلاقییه‌وه‌ش شتێكی ئه‌وتۆ نییه، چونكه سیاسه‌ت خاڵییه له ئه‌خلاق، له سیاسه‌ت هه‌موو شتێك رێپێدراوه".
سه‌باره‌ت به بوونی ده‌ستێك له پشته‌وه‌ی ئه‌و كاره‌ی گه‌نجه‌كان، بۆ ئه‌وه‌ی كاریگه‌ری بخاته سه‌ر ئه‌نجامی هه‌ڵبژاردنه‌كانی ئه‌مه‌ریكا، شاره‌داری ڤالس رایده‌گه‌یه‌نێت، هیچ شتێكی له‌و جۆره شك نابه‌ین، كاره‌كه ته‌نها په‌یوه‌ندی به پاره‌وه هه‌یه.
په‌یامنێره‌كه به ئامۆژگارییه‌ك بۆ به‌كارهێنه‌رانی تۆڕه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان له ئه‌مه‌ریكا كۆتایی به راپۆرته‌كه‌ی خۆی ده‌هێنێت و ده‌ڵێت: "تا ئێوه به‌رده‌وام بن له كلیككردن و شه‌یركردن و كردنه‌وه‌ی ئه‌و هه‌واڵه هه‌ڵبه‌ستراوانه، بازرگانی ئه‌و گه‌نجانه به‌رده‌وام ده‌بێت".
پێشتریش مارك زوكه‌ربێرگ، دامه‌زرێنه‌ر و خاوه‌نی كۆمپانیای فه‌یسبووك، هه‌وڵه‌كانی كۆمپانیاكه‌ی بۆ نه‌هێشتنی هه‌واڵی هه‌ڵبه‌ستراو ئاشكرا كرد و بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش، چه‌ندین گۆڕانكاری له سیسته‌می فه‌یسبووك ئه‌نجام داوه.