حەشدی شەعبی شنگال دەکاتە گۆڕەپانی مەراسیمی شیعەکان

خەڵکەکە ترسی ئەوەیان هەیە دیمۆگرافیایی قەزای شنگال بگۆڕێت

 K24- هه‌ولێر:

ئێزدییەکانی شنگال نیگەرانن لە هەوڵی گۆڕینی دیمۆگرافیایی شارەکەیان لەلایەن حکوومەت و شیعە دەسەڵاتدارەکانی عێراقەوە.

دوای رووداوەکانی 16ی ئۆکتۆبەر، ئێستا حەشدی شەعبی باڵادەستە لەو شارە، ئەمەش وایکردووە تەنها خەڵکە شیعەکەی شنگال بگەڕێنەوە و ئێزدییەکانی دیکە لە ئاوارەییدا بژین.

ئێستا شنگال بۆتە مەڵبەندێکی بەڕێوەچوونی مەراسیمی شیعەکان و خەڵکەکەشی ترسی ئەوەیان هەیە، وردە وردە شارەکان ببێتە شارێکی شیعی و دەسەڵاتیش لای ئێزدییەکانی ئەو شارە نەمێنێت.

یەکێک لە ئێزدییەکانی شنگال، لێدوانێکی بۆ کوردستان24، بەمجۆرە باس لە بەڕێوەبردنی شارەکەیان لەلایەن حەشدی شەعبییەوە دەکات: "لە ٨٥%ی شنگال خەڵکی ئێزدیین. دەمانەوێت حکوومەتی شنگال لەدەستی ئێزدییەکاندا بێت، ئەگەرنا ئێمە شنگالێکی وامان ناوێت و لێی دەردەچین".

هاووڵاتتیەکی دیکە نیگەرانی خۆی لە رەوشی شارەکەی دەردەبڕێت و دەڵیت: "باوەڕمان بەم حکوومەتە نەماوە. ئەو کاتە باوەڕمان هەبوو کە لە ساڵی 2003 مافی ئێزدییەکان بەشێک بوو لە دەستوور".

ژمارەی دانیشتوانی شنگال 320 هەزار کەسە بەڵام ئێستا تەنها 30 هەزاریان کە شیعە مەزهەبن گەڕاونەتەوە. ئێزدییەکان ئێستا جیا لەوەی بێبەشکراون لە بەڕێوەبردنی قەزاکەیان، ترسی ئەوەیان هەیە رۆژێک ببنە کەمینەیەکی قەزاکەی خۆیان.

H.J