پزيشكه‌ به‌ناوبانگه‌كه‌ى جوانكارى له‌ عێراق كۆچى دوايى كرد

ياسرى گواستراوه‌ته‌وه‌ بۆ نه‌خۆشخانه‌ى شێخ زايد

K24 – هه‌ولێر:

وه‌زاره‌تى ته‌ندرووستى عێراق هه‌واڵى كۆچى دوايى دكتۆر ره‌فيف ياسرى، شاره‌زاى بوارى جوانكارى عێراقى راگه‌ياند.

سه‌يف به‌دران، گوته‌بێژى وه‌زاره‌ته‌كه‌، رايگه‌ياند، ياسرى گواستراوه‌ته‌وه‌ بۆ نه‌خۆشخانه‌ى شێخ زايد، له‌وێ كۆچى دواييكردووه‌.

گوتيشى: ته‌رمه‌كه‌ى گواستراوه‌ته‌وه‌ بۆ پزيشكى دادوه‌رى و لێكۆڵينه‌وه‌ له‌ هۆكارى مردنى ده‌كرێت.

روونيشيكرده‌وه‌، له‌ ماوه‌ى هه‌شت تا ده‌ رۆژى ديكه‌دا ئه‌نجامى راپۆرتى پزيشكى دادوه‌رى ده‌رده‌چێت.

ئه‌و دكتۆره‌، خاوه‌نى سه‌نته‌رى باربى بووه‌ بۆ جوانكارى ژنان له‌ به‌غدا.

هه‌واڵى مردنى به‌ شێوه‌يه‌كى كتوپڕ راگه‌يه‌ندراوه‌ و زۆرێك له‌ دۆستانى تا ئێستا بڕوا به‌وه‌ ناكه‌ن پزيشكه‌كه‌يان كۆچى دوايى كردبێت.

ياسرى له‌دايكبووى 1985ه‌ و له‌ ئاستى ناوخۆ و نێوده‌وڵه‌تى به‌ يه‌كێك له‌ پزيشكه‌ ناسراوه‌كانى بوارى جوانكارى هه‌ژمار ده‌كرا.

له‌ مانگى ئازارى رابردوودا وه‌ك باڵيۆزى نيازپاكى له‌ لايه‌ن رێكخراوى فه‌ره‌نسى بۆ مافه‌كانى مرۆڤ و ئاشتييه‌وه‌ ده‌ستنيشان كرابوو.

ئ.ر