هەدەپە: دەسەڵاتدارانی تورکیا لەسەر خوێنڕشتن دەسەڵات بونیاد دەنێن

"ئەوەی دەیكەن تاوانێكی گەورەیە بۆ توركیا"
kurdistan24.net

K24 - ئەنقەرە

سەزای تەمەلی، هاوسەرۆکی پارتی دیموكراتی گەلان (هەدەپە) رایگەیاند: "دەسەڵاتدارانی تورکیا لەسەر کوشتن و خوێنڕشتن دەسەڵات بونیاد دەنێن".

ھاوسەرۆكی ھەدەپە، لە کۆنفڕانسێکی رۆژنامەوانیدا داواشی لە وەزارەتی دادی تورکیا کرد، وەڵامی داواکاری ئەو دایکانە بداتەوە کە منداڵەکانیان لە نێو گرتووخانە مانیان لە خواردن گرتووە.

سەزای تەمەلی گوتی: "جارێكی دیكە داوا لە وەزیری داد دەكەین، گوێ لە دەنگی دایك و باوكان بگرێت، ئەوەی ئێوە دەیكەن تاوانە و شەرمەزارییەكی گەورەیە بۆ وڵاتەكەمان، ئێمە نامانەوێت دایكانی كورد و تورك ئازار بچێژن، بەڵكو دوا رۆژێكی رووناك بۆ منداڵەكانیان دابین بكرێت، بۆ ئەمەش باشترین چارەسەر گرتنەبەری رێگەی ئاشتییە".

ئەو گوتانەی تەمەلی دوای ئەوەدێت، هەینی رابردوو 19/04/2019، چەند دایکێکی کورد دژی رەوشی کوڕەکانیان لە زیندانی گێبزێ لە هەرێمی کۆجائێلی تورکیا گردبوونەوە، بەڵام پۆلیس هێرشیان كردنە سەر و بە دار لەو شوێنە دووریان خستنەوە.

ھ.م