ھاتووچۆی ھەولێر: سیستمی VIP یەكسانییە نەك جیاكاری
K24 - ھەولێر
ئاراس ئەحمەد، پەیامنێری كوردستان24 لە ھەولێر رایگەیاند: "ئەو ژوورەی بەناوی VIP لە بەڕێوەبەرایەتی ھاتووچۆی ھەولێر كراوەتەوە، رایی كردنی مامەڵەكان تێیدا بەردەوامە".
فازڵ حاجی، بەڕێوەبەری راگەیاندنی پۆلیسی ھاتووچۆی ھەولێر بە كوردستان24 گوت: "ئەو ژوورە كە كراوەتەوە رەنگە پەیامەكە لە راگەیاندن بە ھەڵە گەیەندرا بێت، ئەو شوێنە خزمەتگوزاری خێرایە نەك VIP، بەڵام لە بڕیارەكە بەناوی VIP نووسراو ھەر بەو ناوە ناسرا".
گوتیشی: "ئەو شوێنە بۆ كەمئەندامان و كەسوكاری شەھید و ئەنفالكراوان بە خۆڕاییە، لە ھەمانكاتدا ھاووڵاتییانی ئاسایی دەتوانن كارەكانیان لەوێ رایی بكرێت و ھەروەھا كۆمپانیاكان بۆ ئەوەی مامەڵەكانیان دوانەكەوێت و سزایان نەكەوێتەسەر دەیانەوێت زوو مامەڵەكانیان رایی بكەن، ئەو بەشە بۆ ئەو مەبەستانە كراوەتەوە و مامەڵەی ھاووڵاتیانی ئاسایی وەك خۆی دەڕوات و كاریگەری لەسەرنابێت".
بەڕێوەبەری راگەیاندنی پۆلیسی ھاتووچۆی ھەولێر گوتی: "ئەو سیستمە یەكسانییە نەك جیاكاری و فشار لەسەر كاری ھاووڵاتیانی دیكەش كەمدەكاتەوە".
روونیكردەوە: "بەپێی بڕیارەكە 50% داھاتی ئەو ژوورە بۆ وەزارەتی ناوخۆ دەبێ و 50% بۆ كۆمپانیای جێبەجێكار دەبێ".