خاڵێكی دەستپێشخەرییەكەی فوئاد مەعسوم ئاشكرا دەكرێت

لە كۆبوونەوەی ئەمڕۆدا دەخرێتەڕوو
kurdistan24.net

K24 - دوكان

راوێژكارێكی سەرۆك كۆماری عێراق، خاڵێكی ئەو دەستپێشخەرییە ئاشكرا دەكات كە فوئاد مەعسوم بۆ چارەسەری كێشەكانی نێوان ھەولێر و بەغدا لەكۆبوونەوەی ئەمڕۆدا لەگەڵ مەسعود بارزانی، سەرۆكی ھەرێمی كوردستان و شاندی پارتی و یەكێتی دەیخاتەڕوو.

لە لێدوانێكدا بۆ كوردستان24 عەبدوڵڵا عەلیاوەیی، راوێژكاری سەرۆك كۆماری عێراق رایگەیاند: "سەرۆك كۆمار ھیچ داوا و دەستپێشخەرییەكی لەلایەن حەیدەر عەبادی بۆ سەركردایەتی سیاسی كوردستان نەھێناوە، بەڵكو خۆی دەستپێشخەری ھەیە بۆ تێپەڕاندنی ئەو دۆخە و گرژییەكانی نێوان ھەرێمی كوردستان و بەغدا، ئەمڕۆ لەگەڵ سەرۆكی ھەرێمی كوردستان تاوتوێی دەكەن".

ئاشكرای كرد: "یەكێك لە خاڵەكانی دەستپێشخەرییەكەی سەرۆك كۆمار ئەوەیە كە گفتوگۆ لەنێوان ھەولێر و بەغدا بەردەوام بێت، بۆ چارەسەری گیروگرفتەكان، ھەروەھا داوای ئاساییكردنەوەی بارودۆخی كەركووك دەكات".

لەبارەی یاسایی بوونی حەشدی شەعبی رایگەیاند: "ئەگەر كاتی خۆی لە كۆبوونەوەی پەرلەمانی عێراق، پەرلەمانتارانی كورد دەنگیان نەدابوایە حەشدی شەعبی وەك ھێزێكی عێراقی بە یاسایی نەدەكرا".