"تەشھیر و ناوزڕاندنی كاندیدە ژنەكان قبوڵ ناكەین"

ئەوە ناچێتە بانگەشەی چوارچێوەی شارستانی
kurdistan24.net

K24 - ھەولێر

ئەمینداری گشتی ئەنجوومەنی باڵای کاروباری خانمان رایدەگەیەنێت، لە ھەڵبژاردنەكانی پێشوو گەلێك جار، لە رووی كۆمەڵایەتی و ژیانی كەسییەوە، تۆمەت بۆ كاندیدە ژنەكان ھەڵبەستراوە و ناویان زڕاندون، بۆیە لەو ھەڵبژاردنە ئەگەر حاڵەتی وا دووبارە ببێتەوە، بەدواداچوون دەكەن و سكاڵا لەسەر ئەو كەسانە تۆمار دەكەن، كە گوتە و تۆمەتی ناشیرین دژی كاندیدانی ژن بكەن.

لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا پەخشان زەنگەنە، ئەمینداری گشتی ئەنجوومەنی باڵای کاروباری خانمان رایگەیاند: "لە بانگەشەی ھەڵبژاردنەكانی پێشوودا ھەندێك حاڵەتی تەشھیری كۆمەڵایەتی و رەوشتی رۆژانە دژی كاندیدانی ژن دەكرا، كە ئەوە ناچێتە بانگەشەی چوارچێوەی شارستانی و مرۆڤایەتی، ئەو تەشھیرە كۆمەڵایەتییە قبوڵكراو نییە".

گوتیشی: "داوا لە كەناڵەكانی راگەیاندن و میدیاكاران دەكەن فاكتەرێكی بەھێزبن، بۆ رێگەگرتن لەو جۆرە حاڵەتانەی كە دەبنە ھۆكاری لێدان لە پێگەی كۆمەڵایەتی كاندیدە ژنەكان".

پەخشان زەنگەنە، ئەوەشی خستەڕوو: "وەك ئەنجوومەنی باڵای كاروباری خانمان، بە ھیچ شێوەیەك قبوڵ ناكەین تەشھیری كۆمەڵایەتی بە كاندیدانی ژن بكرێت لە ھەر لیست و قەوارەیەكدابن".

راشیگەیاند: "ئومێد دەكەین بۆ ئەم مەبەستە ھەماھەنگیمان لەگەڵ كۆمسیۆنی ھەڵبژاردنەكان ھەبێت".

ئەو گوتانەی پەخشان زەنگەنە لەو كۆنگرە رۆژنامەوانییەدا، دوای ئەوەھات كە ئەمڕۆ بەیاوەری شاندێكی ئەنجوومەنی باڵای خانمان، بە مەبستی رێگریكردن لە تەشھیركردن بە كاندیدانی ژن لەگەڵ عەلی قادر، بەرپرسی لقی ھەولێری كۆمسیۆنی ھەڵبژاردنەكانی عێراق كۆبوونەوە.

ھ.م