فڕۆكه جه‌نگییه‌كانی توركیا ناوچه‌ی جندرێس بۆردومان ده‌كه‌ن
هه‌ولێر:
فڕۆكه جه‌نگییه‌كانی توركیا، پێگه‌كانی یه‌كینه‌كانی پاراستنی گه‌ل (یه‌په‌گه) له ناوچه‌ی جندرێسى عه‌فرین بۆردومان ده‌كه‌ن.
به گوێره‌ی زانیارییه‌كان, سوپای توركیا هه‌وڵی چوونه ناو جندرێس ده‌دات و سوپای توركیا رایده‌گه‌یه‌نێت، گوندی دووملیایان كۆنتڕۆڵ كردووه.
له‌لایه‌كى دیكه‌وه به‌هۆی بۆردومانه‌كانی توركیا، چه‌ند چه‌كدارێكی هێزی میللی سه‌ر به سوپای ئه‌سه‌د, له ناوچه‌ی راجو كوژراون.
ئۆپه‌راسیۆنی چڵه زه‌یتوونی سوپای توركیا، له دژی عه‌فرین، پێی ناوه‌ته 36ه‌مین رۆژ و تا ئێستا نه‌یتوانیوه شه‌ڕه‌كه له به‌رژه‌وه‌ندی خۆی یه‌كلابكاته‌وه و به گوێره‌ی رێككه‌وتنی نێوان یه‌په‌گه و سوپای سووریا، بڕیاره هێزه‌كانی سوپای ئه‌سه‌د دێنه ناوچه‌كه.
به هۆی بۆردومانه‌كانی سوپای توركیا بۆ عه‌فرین و ناوچه‌كانی ده‌وروبه‌ری، 180 هاووڵاتی سڤیل شه‌هید بوونه و نزیكه‌ی 650ی دیكه‌ش برینداربوونه.