جڤاتى نيشتمانى رێككه‌وتنى له‌گه‌ڵ پارتى په‌سند كرد

كۆبوونه‌وه‌ى "جڤاتى نيشتمانى" بزووتنه‌وه‌ى گۆڕان كۆتاييهات

K24 – سلێمانى:

كۆبوونه‌وه‌ى "جڤاتى نيشتمانى" بزووتنه‌وه‌ى گۆڕان كۆتاييهات و بڕيارى دا، به‌شدارى كابينه‌ى نۆيه‌مى حكومه‌تى هه‌رێم بكه‌ن.

ئه‌مڕۆ "جڤاتى گشتيى" گۆڕان كۆبوويه‌وه‌ و چه‌ند راسپارده‌يه‌كى ئاراسته‌ى "جڤاتى نيشتمانى" بزووتنه‌وه‌كه‌ كرد، به‌و پێيه‌ى بڕيارى كۆتايى بزووتنه‌وه‌ى گۆڕان بۆ به‌شدارى له‌ حكومه‌ت له‌ لايه‌ن "جڤاتى نيشتمانى"يه‌وه‌ ده‌درێت.

دواى ئه‌وه‌ى پارتى و گۆڕان له‌سه‌ر چوار خاڵ رێككه‌وتبوون، ئه‌مشه‌و جڤاتى نيشتمانى بزووتنه‌وه‌كه‌ ئه‌و رێككه‌وتنه‌ى په‌سند كرد و به‌و پێيه‌ سبه‌ى گۆڕان به‌شدارى له‌ دانيشتنى په‌رله‌مانى كوردستان ده‌كات و هه‌روه‌ها به‌شدارى له‌ كابينه‌ى نوێى حكومه‌تى هه‌رێم ده‌كات.

رۆژى شەممە (16ى شوبات/ فێبرايه‌رى 2019)، پارتی دیموکراتی کوردستان و شاندنی دانوستانکاری بزوتنەوەی گۆڕان لە مەکۆی سەرەکی گۆڕان لە شاری سلێمانی كۆبوونه‌وه‌، بەپێی راگەیەندراوی کۆبونەوەکە: رێککەوتنى سیاسی نێوان پارتى و گۆڕان پەسەندکرا و هەردوولا لە سەر چوار خاڵ رێککەوتن:

1.رێککەوتنى سیاسی نێوان پارتى و بزووتنەوەى گۆڕان پەسەندکرا.

2.لە کۆبوونەوەکەى 18ى شوباتى پەرلەمانى کوردستاندا فراکسیۆنى پارتى و فراکسیۆنى گۆڕان بەشداردەبن.

3.لەسەر شێوازى پێکهێنانى حکومەت گەیشتونەتە قۆناغى کۆتایى و بەرەوپێشچونى بەخۆیەوە بینیوە.

4- پڕۆژەى رێککەوتن دەبرێتەوە بۆ سەرکردایەتی هەردوولا بۆ پەسەندکردنى.

له‌ ناو بزووتنه‌وه‌ى گۆڕاندا بڕيار به‌م جۆره‌ ده‌درێت:

سیستمی رێکخراوەیی و بڕیاردان لە ناو بزوتنەوەی گۆڕان، بەپێی دەستوری ناوخۆیی بزوتنەوەکە دەستەجەمعیی و کۆدەنگییە و چەندین ئۆرگانی هەیە بۆ گەڵاڵەکردن و بڕیاردان لەسەر پرسە ناوخۆیی و نیشتیمانییەکان.

جڤاتی گشتی:

جڤاتی گشتی چەتری پشتیوانی سیاسیی و مەعنەویی، دامەزراوەیی راوێژكاریی بوارەكانی كاری سیاسیی، رێكخراوەیی، كارگێڕیی، دارایی و میدیایی بزوتنەوەی گۆڕانە.

ئەركەكانی جڤاتی گشتی:

یەكەم: هەڵسەنگاندنی پلانی گشتی جێبەجێكردنی بەرنامەی سیاسی.

دووەم: هەڵسەنگاندنی پەیوەندیيەكان لە سەر ئاستی كوردستانی، عێراقی فیدراڵ، ناوچەیی، جیهانی، لەگەڵ  حزب و رێكخراوە سیاسییەكان.

سێیەم: ئامادەكاری بۆ هەڵبژاردنەكان.

جڤاتی نیشتیمانی:

* دامەزراوەی سەركردایەتی بوارەكانی كاری سیاسی، رێكخراوەیی، كارگێڕیی، دارایی و میدیایی بزوتنەوەی گۆڕانە.

* بەرزترین دەسەڵاتە لە نێوان دوو هەڵبژاردندا.

ئەركەكانی جڤاتی نیشتیمانی:

یەكەم: سەرپەرشتی كردنی هەموو دەزگا و دامەزراوەكانی گۆڕان.

دوەم: دانانی نەخشەڕێگا بۆ جێبەجێكردنی بەرنامە و سیاسەتی بزوتنەوەی گۆڕان.

سێیەم: رێكخستنی پەیوەندیيەكان لە سەر ئاستی كوردستانی، عێراقی، ناوچەیی، نێودەوڵەتی.

چوارەم: چاودێریی و هەڵسەنگاندنی ئەدائی فراكسیۆنەكانی گۆڕان و ئەدائی ئەندامەكانی.

پێنجەم: ئامادەكاریی بۆ هەڵبژاردنەكان.

شەشەم: ئامادەكاریی بۆ بەستنی كۆنفرانسی نیشتیمانی بزوتنەوەی گۆڕان.