مەسرور بارزانی: لە مافی دەستووری خۆمان زیاتر داوا ناکەین و سازشیش لەسەر مافەکانمان ناکەین

هەولێر و بەغدا لێژنەی تەکنیکی بۆ چارەسەری کێشەکانیان پێکده‌هێنن

K24- به‌غدا:

بەگوێره‌ی زانیارییەکانی کوردستان24، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و عادل عەبدولمەهدی، سەرۆکی حکوومەتی عێراق له‌سه‌ر پێکهێنانی چەند لێژنەیەکی تەکنیکی بۆ دیاریکردنی سەرجەم کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا و چۆنیەتی چارەسەر کردنیان رێککەوتوون.

کوردستان24 بە پشت بەستن بە چەندین سەرچاوەی هەواڵی نزیك لە کۆبوونەوەکانی شاندی باڵای هەرێمی کوردستان لە بەغدا، چەند زانیارییەك لەبارەی کۆبوونەوەکەی مەسرور بارزانی و عادل عەبدولمەهدی بڵاودەکاتەوە.

بەپێی زانیارییەکانی کوردستان24، مەسرور بارزانی وێرایی سوپاسکردنی سەرۆك وەزیرانی عێراق، بە عادل عەبدولمەهدی گوتووە، کە ئەو وەك دۆستێکی کوردستان ئومێدیی زۆریان پێی هەیە بۆ چارەسەرکردنی سەرجەم کێشە هەڵپەسێردراوەکان.

هەروەها دووپاتی پشتیوانی هەرێمی کوردستانیشی لە عادل عەبدولمەهدی و کابینەیەکەی کردووەتەوە، هیواشی خواستووە، سەرجەم کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا بەپێی بنەمای دەستووری عێراق چارەسەر بکرێن.

مەسرور بارزانی ئەوەیشی راگەیاندووە، هەرێمی کوردستان دەیەوێت بەشدارێکی راستەقینە بێت لە عێراق و پێگە، ئەرك و مافی هەرێمی کوردستان بەپێی دەستوور دیاری بکرێت.

سەرۆکی حكوومەتی هەرێمی کوردستان پێداگیریشی كردووه‌، کە جگە لە مافە دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستان داوای هیچ شتێکی زیاتر ناکەن، دووپاتیشی کردووەتەوە، ئەوان هەرگیز سازش لەسەر هیچ مافێکی دەستووری خەڵکی کوردستان ناکەن.

به‌گوێره‌ی زانیارییەکانی کوردستان24، له‌ به‌رامبه‌ردا عادل عەبدولمەهدی وێرای پیرۆزباییکردن لە سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێ، سوپاسی شاندی باڵای کوردستانیشی کردووە، کە وەك دەربڕینی نیازپاکی بۆ چارەسەری کێشەکان، سەردانی بەغدایان کردووە.

هەروەك بە سوپاسەوە ئاماژەی بەرۆڵی هەرێمی کوردستاندا، لە پێشوازیکردنی ئاوارەکانی شار و شارۆچکە عێراقییەکان، عادل عەبدولمەهدی راشیگەیاندووە، هەرێمی کوردستان و عێراق بە یەکەوە ئەو وڵاتەیان بنیاتناوەتەوە لەدوای رووخانی رژێمی سەدام و دانیشی بەوەداناوە، کە کێشەی جۆراوجۆر لەنێوان هەردوولا هەن و پێویستە چارەسەر بکرێن.

عه‌بدولمه‌هدی ئاماژه‌ی به‌وه‌ش داوه‌، کە گرنگ ئەوەیە نیازێکی باش بۆ چارەسەری ئەو کێشانە هەیە، بۆیە پێشنیازکراوە کە هەردوولا بەجیا رەشنوسێك ئامادەبکەن، بۆ خستنەڕووی کێشەکان و دۆزینەوەی چارەسەری گونجاو بەپێی دەستووری عێراق بۆ کێشەکان.

هەردوولاش رێککەوتوون، لەدوای ئامادەکردنی رەشنووسی کێشەکانی هەولێر و بەغدا و خستنەڕووی چارەسەرییەکان، لەماوەیەکی نزیکدا لێژنەی تەکنیکی تایبەتمەند کۆببنەوە و بڕیار لەسەر چارەسەری سەرجەم کێشەکان بەپێی دەستووری عێراق بدەن.

H.B