زیندانییەكی سیاسی كورد خۆی ھەڵواسی

دوای چەند رۆژێك مانگرتن لە خواردن خۆی ھەڵواسیووە

K24 - ھەولێر

زیندانییەكی سیاسی كورد لە توركیا دوای چەند رۆژێك مانگرتن لە خواردن، بە خۆ ھەڵواسین كۆتایی بە ژیانی خۆی ھێناوە.

بەپێی میدیاكانی نزیك لە پەكەكە "زیندانییەكی سیاسی كورد بە ناوی زولكوف گەزەن، كە چەند رۆژێك بوو لە چالاكی مانگرتن لە خواردن دابوو، دژ بە گۆشەگیری سەر ئۆجەلان، ئێوارەی دوێنێ لە زیندانەوە كۆتایی بە ژیانی خۆی ھێناوە و خۆی ھەڵواسیوەو گیانی لەدەستداوە".

ئاماژە بەوەش كراوە "پۆلیس بێ ئاگاداركردنەوەی بنەماڵەكەی، تەرمەكەیان بردووەتەوە دیاربەكر و داوایان لێكردون بە شەو، بەبێ ئاگاداركردنەوەی خەڵكی، تەرمەكەی بشارنەوە".

پەرلەمانتارانی ھەدەپەش داوایان لە خەڵك كردووە، كۆببنەوە و بە قەرەباڵخییەوە ماڵئاوایی لە تەرمی ئەو گەنجە بكرێت و بەردەوامی گۆشەگیری سەر ئۆجەلانیش سەركۆنە بكرێت.

بەپێی زانیارییەكان زولكوف گەزەن، لە یەكێك لە گرتووخانەكانی شاری تەكیرداغی توركیا زیندانی كرابوو.

لە 1ـی ئەم مانگەوە، لە 130 گرتووخانەی توركیا، 5 ھەزار زیندانی چالاكی مانگرتن لە خواردنیان دەستپێكردووە.

ھ.م