كوردستان 24 ده‌چێته ناو شه‌قامه‌كانی داڤۆس
K24- هه‌ولێر:
تیمی كوردستان 24 سه‌ردانی شاری داڤۆسی سویسرا ده‌كات و بۆچوونی خه‌ڵكی شاره‌كه له‌باره‌ی كۆڕبه‌ندی ئابووری جیهانی كه ئێستا له‌و شاره به‌ڕێوه ده‌چێت، ده‌گوازێته‌وه.
دانیشتوانی داڤۆس رای خۆیان له‌سه‌ر به‌ڕێوه‌چوونی كۆڕبه‌ندی ئابووری جیهانی له شاره‌كه‌یان ده‌خه‌نه روو، هه‌ندێكیان پێیان وایه، به‌هۆی هاتنی شانده جیهانییه‌كان بۆ شاره‌كه‌یان و به‌ڕێوه‌چوونی ئه‌و چالاكییه جیهانییه، داڤۆس قه‌ره‌باڵغ ده‌بێت و به‌هۆی بڵاوبوونه‌وه‌ی هێزه ئه‌منییه‌كان له سه‌رجه‌م كۆچه و كۆڵانه‌كان شاره‌كه‌یان به‌شێواوی دێته به‌رچاو.
هه‌ندێكی دیكه‌ش له‌و باه‌وه‌ڕه‌دان، كه ئه‌و قه‌ره‌باڵغییه خاڵێكی ئه‌رێنییه، به‌تایبه‌ت كه خه‌ڵكی جیهان زانیاری زیاتریان له‌باره‌ی داڤۆس ده‌ستده‌ده‌كه‌وێت و حه‌ز ده‌كه‌ن پشووه‌كانیان له‌و شاره به‌سه‌ربه‌رن، به‌ڵام ئه‌مه‌ش مانای وا نییه كه هیچ خاڵێكی نه‌رێنی له‌م چالاكییه‌دا بۆ شاره‌كه‌یان نییه، له‌مباره‌شه‌وه هاووڵاتیێكی ئه‌و شاره ئاماژه به سه‌ردانه‌كه‌ی ساڵی رابردووی دۆناڵد تره‌مپ، سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكا ده‌كات و ده‌ڵێت: "ساڵی رابردوو كاتێك تره‌مپ هاته ئێره، دۆخه‌كه شڵه‌ژا و كێشه‌یه‌كی گه‌وره درووست بوو".
له‌كاتێكیشدا كه كۆڕبه‌ندی ئابووری جیهان جمووجۆڵی بازاڕ و ماركێت و چێشتخانه‌كان گه‌رمتر ده‌كات، خاوه‌ن ماركێت و بازرگانانی ئه‌و شاره به‌ڕێوه‌چوونی ئه‌و چالاكییه جیهانییه له شاره‌كه‌یان به خێر و به‌ره‌كه‌ت بۆ خۆیان ده‌زانن، ئه‌وان ئاماژه به‌وه ده‌ده‌ن، به هاتنی شانده جیهانییه‌كان بۆ داڤۆس، فرۆشییان گه‌رمتر ده‌بێت و داهاتێكی زیاتریان ده‌ستده‌كه‌وێت.
داڤۆس شارۆچكه‌یه‌كی بچووكه و ده‌كه‌وێته سه‌ر رووباری لاندویسر له ناوچه‌ی براتیكۆی سه‌ر به كانتۆنی گرۆبه‌ن له سویسرا، جگه له‌وه‌ی ساڵانه كۆڕبه‌ندی ئابووری جیهانی له‌و شاره به‌ڕێوه‌ده‌چێت و سه‌رۆكه‌كانی وڵاتانی جیهان سه‌ردانی ده‌كه‌ن، شارێكی به‌ناوبانگیشه بۆ وه‌رزشی زستانه.
رووبه‌ری ئه‌و شاره 254 هه‌زار و 48 كیلۆمه‌تره، 1560 مه‌تر له ئاستی ده‌ریاوه به‌رزه، ژماره‌ی دانیشتوانی پێكهاتووه له 11 هه‌زار و 109 كه‌س.
H.B