چيك وه‌ڵامى تۆمه‌ته‌كانى توركياى دايه‌وه
K24 – هه‌ولێر:
كۆمارى چيك، وه‌ڵامى توركياى دايه‌وه و تۆمه‌ته‌كانى ئه‌نقه‌ره‌ى سه‌باره‌ت به پشتيوانى پراگ له تيرۆر ره‌تكرده‌وه.
به هۆى ئازادكردنى ساڵح موسليم، هاوسه‌رۆكى پێشووى پارتى يه‌كێتى ديموكرات له لايه‌ن دادگايه‌كى پراگه‌وه، حكومه‌تى توركيا كۆمارى چيكى به پشتيوانيكردن له تيرۆر تۆمه‌تبار كرد.
له وه‌ڵامدا، وه‌زاره‌تى ده‌ره‌وه‌ى كۆمارى چيك، رايگه‌ياند، "به شێوه‌يه‌كى بنبڕانه، ئه‌و تۆمه‌ته‌ى له باره‌ى پشتيوانى له تيرۆر ئاراسته‌مان كراوه، ره‌تده‌كه‌ينه‌وه. دادگايه‌كى سه‌ربه‌خۆ، ئه‌و بڕياره‌ى ده‌ركردووه و به هيچ شێوه‌يه‌ك بڕياره‌كه ناكۆك نييه له‌گه‌ڵ پابه‌ندييه‌كانى پراگ له بوارى به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى تيرۆر".
سايتى رووسياليه‌وم بڵاويكرده‌وه، وه‌زاره‌تى ده‌ره‌وه‌ى چيك، روونيشيكردووه‌ته‌وه، "ئازادكردنى ساڵح موسليم ماناى كۆتايهێنان به رێككاره دادوه‌رييه‌كان نييه. ئه‌گه‌ر داواكارى راده‌ستكردنى ساڵح موسليممان پێبگات، ئه‌وا؛ لايه‌نى تايبه‌تمه‌ند له روانگه‌ى ياسا كارپێكراوه‌كانى كۆمارى چيكه‌وه، بڕيارى درووست ده‌ده‌ن".
له‌و چوارچێوه‌يه‌دا، جێگرى سه‌رۆك وه‌زيران و وته‌بێژى حكومه‌تى توركيا، به‌كر بۆزداغ، رايگه‌ياند، بڕياره‌كه‌ى دادگاى چيك، "پشتيوانيكردنێكى ئاشكراى تيرۆره".
بۆزداغ له به‌ياننامه‌يه‌كدا، كه ئه‌مڕۆ ده‌ريكردووه، رايشگه‌ياندووه، "ئازادكردنى ساڵح موسليم، پرسێكى سياسييه و پێچه‌وانه‌ى ياساى نێوده‌وڵه‌تييه".
ناوبراو هۆشداريشى دا له لێكه‌وته‌كانى ئه‌و بڕياره له‌سه‌ر په‌يوه‌ندييه‌كانى نوێان توركيا و چيك.
هه‌روه‌ها گوتى: "ئه‌و بڕياره نموونه‌يه‌كى نوێيه بۆ ده‌ركه‌وتنى مه‌وداى دووڕوويى و راستگۆ نه‌بوونى ئه‌وروپا له به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى تيرۆر".
به‌كر بۆزداغ، باسى له‌وه‌شكرد، "پارتى يه‌كێتى ديموكراتى، كه لقى پارتى كرێكارانى كوردستانه، له لايه‌ن يه‌كێتى ئه‌وروپاوه به رێكخراوێكى تيرۆريستى هه‌ژمار كراوه، چيكيش ئه‌ندامى ئه‌و يه‌كێتيه‌يه".
بۆزداغ پرسياريشى كرد، "ئايا ئه‌گه‌ر قوربانييه‌كانى تيرۆر، هاووڵاتى موسڵمان يان تورك بن، بكوژه‌كانيان به تيرۆريست هه‌ژمار ناكرێن؟ مه‌رجه رێكخراوێك ئه‌و كاته ببێته تيرۆريستى كه هاووڵاتى يه‌كێتى ئه‌وروپا و ئه‌مريكا بكاته ئامانج".
ئێواره‌ى شه‌ممه‌ى رابردوو، له پراگ، پۆليسى ئينته‌رپوڵ ساڵح موسليميان ده‌ستبه‌سه‌ر كرد، له‌سه‌ر بنه‌ماى داواكارى توركيا.
ده‌سه‌ڵاتدارانى توركيا له نۆڤێمبه‌رى 2016دا، فه‌رمانى ده‌ستگيركردنيان بۆ ساڵح موسليم و 47 گه‌وره به‌رپرسى ديكه‌ى په‌يه‌ده ده‌ركردبوو.
توركيا بانگه‌شه‌ى ئه‌وه ده‌كات، پارتى يه‌كێتى ديموكرات، كه ناوه‌ندى سه‌ره‌كى هه‌ژموونى باكوورى سووريا (رۆژئاواى كوردستانه)، درێژكراوه‌ى پارتى كرێكارانى كوردستانه و به "رێكخراوێكى تيرۆريستى" وه‌سفيان ده‌كات.
هاوكات توركيا بڕى 4 مليۆن ليره، كه زياتر له مليۆنێك دۆلار ده‌كات، ته‌رخانكردووه بۆ ئه‌و كه‌سه‌ى ساڵح موسليم ده‌ستگير ده‌كات و راده‌ستى توركياى ده‌كاته‌وه.
ئ.ر