داعش له‌ گوڵاڵه‌ و خانه‌قین چالاك ده‌بێته‌وه‌

له‌ یه‌ك مانگدا داعش لە سنووری خانەقین 20 هێرشی ئه‌نجامداوه‌
kurdistan24.net

K24 - گەرمیان

چەکدارانی داعش لەناوچەکانی گوڵاڵە و خانەقین لەمانگی 1ی ئەمساڵەوە، بیست ھێرشیان کردووەتەسەر ھێزە ئەمنییەکانی عێراق. بەڕای فەرماندەکانی پێشمەرگە،  ئەوناوچانەی بەر لە 16ی ئۆکتۆبەر لەژێر دەستی پێشمەرگەدابوون، سەرباری ئەوەی حکوومەتی عێراق زۆرترین ھێزی کۆکردووەتەوە لەوناوچانە، بەڵام بەھۆی لاوازیانەوە بوونەتە ھۆکاری سەرھەڵدانەوەی داعش.

جمور رۆستەم، فەرماندەی فەوجی 3ی ھێزی پێشمەرگە بە كوردستان24 راگەیاند: "حكوومەتی عێراق ناتوانێ ناوچەكە كۆنترۆڵ بكات، لەبەر ئەوەی ھێزەكانی پەرتەوازن و لەسەر بنەمای تایفەگەری پەروەردە كراون. ھێزی حەشد كە لەو ناوچانە جێگیر بوونە ھێزێكی نا رێكخراو و بێسەروبەرە".

لەدوای رووداوەکانی 16ی ئۆکتۆبەرەوە لەو ناوچانەی پێشتر لەژێردەسەڵاتی ھێزەکانی پێشمەرگەدابوون چەکدارانی داعش بەشێوەیەکی بەرچاو کردەوە تیرۆرستیەکانیان روو لە زیادبوونە. بەڕای چاودێرانی سیاسی و سەربازی ئەگەر ھێزەکانی پێشمەرگە نەگەڕێنەوە و ھەمەھەنگی لەنێوان پێشمەرگە و سوپای عێراق دروست نەبێت ئەوە مەترسییەكانی داعش زیاتردەبن.

رەفعەت محەمەد، شارەزای بواری سەربازی دەڵێت: "ھاتنی میلیشیاكانی حەشدی شەعبی بۆ ناوچەكە وەك ھێزێكی نامۆ، بۆشایی ئەمنی لە ناوچەكە دروست كرد و وایكرد كە داعش سەرھەڵبداتەوە. ئەگەر سوپای عێراق ھەماھەنگی لەگەڵ ھێزی پێشمەرگە دروست نەكاتم ئەستەمە لە رووی ئەمنییەوە بتوانێت ئەو ناوچانە كۆنترۆڵ بكات".