یاسایه‌ك پارتی و گۆڕان كۆده‌كاته‌وه‌

"دەبێ یەكەم كاری خولی داھاتووی پەرلەمانی كوردستان نوسینەوەی دەستووربێت"
kurdistan24.net

K24 - ھەولێر

پەرلەمانی کوردستان بە زۆرینەی دەنگ، كێشەی دامەزراوەی سەرۆکایەتی ھەرێمی کوردستانی، خستە خولی پێنجەمی پەرلەمان، ئەندامێكی پەرلەمانی کوردستان رایدەگەیەنێت، بە بوونی دەستوور بۆ ھەرێمی کوردستان ئەو کێشەیە  چارەسەر دەبێت، فراکسیۆنی یەکێتیش دانانی دەستوور بۆ ھەرێمی کوردستان بە پێویست دەزانێت.

دوای سێ ساڵ فراکسیۆنی گۆڕان و پارتی لە پەرلەمانی کوردستان، دەنگیان بە پڕۆژە یاسایەکدا کە تایبەت بوو، بە پرسی سەرۆکایەتی ھەرێمی کوردستان، تا ساڵی یەکەمی خولی داھاتووی پەرلەمان، کە خولی پێنجەمە، دامەزراوەی سەرۆکایەتی ھەرێم، لەژێر چاودێری سەرۆکایەتی ئەنجوومەنی وەزیران، کارەکانی رایی دەکات، فراکسیۆنی پارتیش دووپاتی دەکاتەوە، کە بێ بوونی دەستوور بۆ ھەرێمی کوردستان، کێشەی سەرۆکایەتی ھەرێم چارەسەر ناکرێت.

فرسەت سۆفی، پەرلەمانتاری كوردستان لە فراكسیۆنی پارتی بە كوردستان24 راگەیاند: "دەبێ خولی داھاتووی پەرلەمان یەكەم كاری ئەوەبێت، كە دەستوورێك بۆ كوردستان بنووسێت، لەو دەستوورەدا بڕیار لەسەر ئەوەبدات سەرۆكایەتی ھەرێم وەك دامەزراوە چۆن بێت و دەسەڵاتەكانی چی بێت، ئەو دامەزراوەیە بمێنێ یان نەمێنێ، دەبێ دەستوور ئەو بابەتە چارەسەر بكات".

فراکسیۆنی یەکێتی لەگەڵ فراکسیۆنی پارتی و گۆڕان تایبەت بەو پرسە ھاورایە، لە بەرامبەردا فراکسیۆنی کۆمەڵ و یەکگرتوو، دەنگیان بەو پڕۆژە یاسایە نەدا، کە خولی پێنجەمی پەرلەمان کێشەی سەرۆکایەتی ھەرێم چارەسەر بکات، فراکسیۆنی یەکێتیش وەکو پارتی داوای دانانی بە پەلەی دەستوور بۆ ھەرێمی کوردستان دەکات.

دلێر ماوەتی، سەرۆکی فراكسیۆنی یەكێتی لە پەرلەمانی كوردستان دەڵێت: "لەبەر ئەوەی حزبە كوردییەكان تائێستا بە دیموكراسیانە ململانێی یەكتر ناكەن و ھەمیشە باسی سڕینەوەی یەكتر دەكەن و زمانی زبڵ و نەگونجان زاڵە، نەمانتوانیوە لە پرسە گشتییەكان بگەینە بڕیارێكی ھاوبەش، بەوھیوایەی لە ئایندەدا بتوانین ئەو دەردە كوردە تێپەڕێنین".

لە چوارچێوەی پڕۆژە یاساکە، کە پەرلەمانی کوردستان بە زۆرینە دەنگ پەسەندی کرد، دابەشکردنی دەسەڵاتەکانی سەرۆکی ھەرێم تا ساڵی یەکەمی خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان بەردەوامی دەبێت، جگە لەوەش بە 44 دەنگی بەڵێ لە بەرامبەر 16 دەنگی نەخێر پەرلەمانی کوردستان، ھەڵنەبژاردنی سەرۆکی ھەرێمی لەگەڵ ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، پەسەندکرا.

ھ.م