پەرلەمانی عێراق ئەنجامەكانی ھەڵبژاردن تاوتوێ دەكات

پێشتر بەھۆی تەواو نەبووی رێژەیی یاسایی كۆبوونەوەكە دواخرابوو

K24 - ھەولێر

بڕیارە ئەمڕۆ پەرلەمانی عێراق تایبەت بە تاوتوێكردنی ئەنجامەكانی ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق كۆببێتەوە.

پەرلەمانی عێراق لە راگەیەندراوێکدا ئاشكرای كرد: "لەسەر داوای چەند پەرلەمانتارێك بۆ قسەکردن لەسەر هەڵبژاردنی رابردوو، سەرۆکایەتی پەرلەمان بڕیاریداوە، ئەمڕۆ کۆبوونەوەیەکی تایبەت لەو بارەیەوە ئەنجامبدات".

بەپێی زانیارییەكان ژمارەیەك پەرلەمانتار، واژوویان بۆ ھەڵوەشاندنەوەی ئەنجامەكانی ھەڵبژاردن كۆكردووەتەوە و لە كۆبوونەوەكەدا ئەو بابەتە دەخەنەڕوو.

بە گوێرەی راگەیەندراوەكە، كۆبوونەوەی ئەمڕۆی پەرلەمانی عێراق كاتژمێر چواری ئێوارەی دەست پێدەكات.

ئەمە لەكاتێكدایە شەممەی رابردوو، سەرۆکایەتی پەرلەمانی عێراق هەوڵیدا کۆبوونەوەیەك لەبارەی هەڵبژاردن ئەنجامبدات، بەڵام بەهۆی تەواونەبوونی رێژەی یاسایی دانیشتنەکە، نەتواندرا کۆبوونەوەکە ئەنجامبدرێت.

ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە 12/5/2018 بەڕێوەچوو، ئێستا گفتوگۆی لایەنەكان بۆ پێكھێنانی كابینەی نوێی حكوومەت و رێككەوتن لەبارەی پۆستە سیادییەكانی عێراق دەستیپێكردووە و شاندی پارتی دیموكراتی كوردستان و یەكێتی نیشتمانی كوردستانیش لە بەغدا لەگەڵ بەشێك لە لایەنە سەرەكییەكانی بەغدا كۆبوونەتەوە.

ھ.م