نێچیرڤان بارزانی و عه‌ممار حه‌كیم جه‌خت له‌سه‌ر جێبه‌جێكردنی 3 بنه‌مایه‌كه‌ی سه‌رۆك بارزانی ده‌كه‌نه‌وه‌

عه‌ممار حه‌كیم به‌شداری پارتی له‌ پرۆسه‌ی سیاسی عێراقدا به‌ گرنگ ده‌زانێت

K24- هه‌ولێر:

ئێواره‌ی ئه‌مرۆ یه‌كشه‌ممه‌ 14/10/2018, نێچیرڤان بارزانی جێگری سه‌رۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان، له‌گه‌ڵ شاندێكی باڵای هاوپه‌یمانیی ئیسڵاح به‌ سه‌رۆكایه‌تیی عه‌مار حه‌كیم كه له‌ نوێنه‌رانى فراكسيۆنه‌كانى ئه‌حرار ـ سه‌ردييه‌كان، وه‌ته‌نييه‌، قه‌رار، عه‌ره‌بييه‌، نه‌سر، حيكمه‌ و به‌ره‌ى حيوار پێكهاتبوون، گفتوگۆیان له‌باره‌ی به‌شداری پارتی له‌ پرۆسه‌ی سیاسی و قۆناغی داهاتووی عێراقدا كرد.

له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا شانده‌كه‌ پیرۆزبایی سه‌ركه‌وتنی پارتی دیموكراتی كوردستانى له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كانی په‌رله‌مانی كوردستانی كرد و هیوای سه‌ركه‌وتنى بۆ خواست، هه‌روه‌ها باسيان له‌ ڕۆڵى پێشه‌نگانه‌ى پارتی دیموكراتی كوردستان له‌ هه‌رێمى كوردستان و عێراق كرد و ئاماده‌يى و به‌شداريى به‌هێزى پارتييان له‌ پرۆسه‌ی سیاسیی عێراقدا به‌ گرنگ و له‌ به‌رژه‌وه‌نديى عێراق و هه‌رێمى كوردستان له‌ قه‌ڵه‌م دا.

له‌ به‌شێكی دیكه‌ی كۆبوونه‌وه‌كه‌دا باس له‌ قۆناغی داهاتووی پرۆسه‌ی سیاسی له‌ عێراق كرا و هه‌ردوولا هاوڕا بوون كه‌ پرۆسه‌ى سياسى له‌سه‌ر هه‌رسێ بنه‌ماى هاوبه‌شى و يه‌كسانى و سازان به‌ڕێوه‌ بچێت و كێشه‌كانى هه‌ولێر ـ به‌غدا به‌پێى ده‌ستوور چاره‌سه‌ر بكرێن، هه‌روه‌ها لایه‌نه‌كان بۆ قۆناغی داهاتوو هه‌وڵی جددی بۆ پێشخستنى عێراق له‌ هه‌موو ڕوويه‌كه‌وه‌ بده‌ن و كار بۆ جێبه‌جێكردنى داواكاريى هاووڵاتيان له‌ سه‌قامگيرى و ئاوه‌دانى و دابينكردنى خۆشگوزه‌رانی بكرێت.

له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا نێچیرڤان بارزانی دووپاتی كرده‌وه‌، پارتی دیموكراتی كوردستان خوازياره‌ له‌سه‌ر ئه‌و سێ بنه‌مايه‌ و دابینكردنی مافه‌ ده‌ستوورییه‌كانی گه‌لی كوردستان به‌شدارييه‌كی كارا و به‌هێز له‌ پرۆسه‌ی سیاسیی عێراقدا بكات، به ‌شێوه‌یه‌ك پرۆسه‌كه‌ له‌ به‌رژه‌وه‌ندیی ته‌واوی گه‌لانی عێراقدا بێت.

شاندی میوان كه‌ ئه‌مڕۆ به‌ سه‌ردانێك گه‌یشته‌ هه‌ولێری پایته‌خت، پێشتریش له‌گه‌ڵ سه‌رۆك بارزانی كۆبووه‌وه‌ و تێیدا وێڕای داواكردنی كردنه‌وه‌ی لاپه‌ڕه‌یه‌كی نوێ له‌نێوان هه‌رێم و به‌غدا، هه‌روه‌ها حه‌كیم پشتیوانی خۆشی بۆ هه‌رسێ بنه‌مای "تەوافق و شەراکەتی ڕاستەقینە و هاوسەنگی" نیشاندا، كه‌ سه‌رۆك بارزانی بۆ په‌یوه‌ندی نێوان هه‌ولێر و به‌غدا ناسندوویه‌تی.

سه‌رۆك بارزانیش دووپاتیكرده‌وه‌، گه‌لی كورد خاوه‌ن دۆزێكی ره‌وایه‌ و ئه‌وه‌ی گرنگه‌ چاره‌سه‌ركردنی ئه‌و پێشێلكاریانه‌یه‌ كه‌ به‌رامبه‌ر به‌ كورد كراوه و گوتیشی: "پێویسته‌ به‌غدا گه‌ره‌نتی شه‌راكه‌تی راسته‌قینه‌ به‌ كورد بدات".

H.B