سه‌رۆك بارزانی و تیمی ئه‌مه‌ریكا له‌ عێراق ره‌وشی دوای هه‌ڵبژاردن تاووتوێ ده‌كه‌ن

باڵیۆزی ئه‌مه‌ریكا ئاماژە بە ڕۆڵی كاریگەری سەرۆك بارزانی ده‌كات

K24 - هه‌ولێر:

سه‌رۆك مه‌سعود بارزانی، له‌گه‌ڵ هه‌ریه‌ك له‌ دۆگلاس سیلیمان، باڵیۆزی ئه‌مه‌ریكا له‌ عێراق و ستیڤ فاگین، كۆنسووڵی گشتی ئه‌مه‌ریكا له‌ هه‌ولێر، كۆبووه‌وه‌ و دۆخی سیاسی عێراق و ناوچه‌كه‌یان تاووتوێكرد.

به‌ گوێره‌ی وێبسایتی تایبه‌تی سه‌رۆك بارزانی، ئه‌مڕۆ چوارشەممە 15ـی 8ـی 2018 لە سەلاحەددین سەرۆك مەسعود بارزانی پێشوازی لە دۆگڵاس سێلیمان باڵیۆزی ئەمەریكا لە عێراق و ستیڤ فاگین كونسوڵی گشتیی ئەمەریكا لە هەولێر كرد.

وه‌ك له‌ هه‌واڵه‌كه‌دا ئاماژه‌ی بۆ كراوه‌، لە دیدارەكەدا بارودۆخی سیاسیی عێراق و ناوچەكە و پێشهاتە تازەكان لەسەر ئاستی هەرێمایەتی و نێودەوڵەتی تاوتوێ كرا و باڵیۆزی ئەمەریكا لە عێراق ستراتیژیی وڵاتەكەی لەبارەی دوا وێستگەكانی شەڕی داعش و یارمەتیدانی ئاوارە و پێكهاتەكانی عێراق و هەروەها گۆڕانكارییە هەرێمایەتییەكان بۆ سەرۆك بارزانی خستەڕوو و ئاماژەیشی بە ڕۆڵی كاریگەری سەرۆك بارزانی و حكوومەتی هەرێم دا لە پەنادان و پاراستنی پێكهاتە و ئاوارەكانی عێراق لە شەڕی تیرۆریستانی داعش.

به‌ گوێره‌ی هه‌واڵه‌كه‌، لە بەشێكی دیكه‌ی كۆبوونەوەكەدا بیروڕا لەبارەی عێراقی دوای هەڵبژاردن و هەوڵەكان بۆ پێكهێنانی حكوومەتی تازە و هاوكێشەكانی ناو عێراق ئاڵوگۆڕ كرا و سەرۆك بارزانی جەختی لەوە كردەوە كە ئەوەی بە لای هەرێمی كوردستانەوە گرنگە بەرنامەی حكوومەتی ئاییندەی عێراقە و هەروەها پابەندبوونی لایەنەكان بە سێ پڕەنسیپی هاوبەشی لە حوكمداری و تەوافوق لە یاسادانان و هاوسەنگی لە دامەزراوەكان ئەولەویەتی سەرەكییە و جەختی لەوەیش كردەوە كە ڕەچاوكردنی ئەو سێ پڕەنسیپە دەبێتە هۆی چارەسەركردنی زۆر لە كێشەكان.

ا. م