سەرۆك بارزانى بەشداریی لە مەراسیمی رۆژی سەربەخۆیی ئەمەریکا كرد

كونسوڵی گشتیی ئەمەریکا لە هەولێر بە وەکالەت لە وتەیەكدا سوپاسی ئامادەبوونی سەرۆك بارزانی كرد

K24 – هه‌ولێر:

مه‌سعود بارزانى سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان ئێواره‌ى دوێنێ به‌شدارى له‌ مه‌راسيمى يادى 241 ساڵه‌ى راگه‌ياندنى سه‌ربه‌خۆيى ئه‌مريكا كرد.

له‌و باره‌يه‌وه‌ ماڵپه‌ڕى سه‌رۆكايه‌تى هه‌رێمى كوردستان بڵاويكردووه‌ته‌وه‌، كه‌ ئەو مەراسیمە كە لە لایەن كونسوڵخانەی ئەمەریکا لە هەولێر سازدرا بوو، بە ئامادەبوونی ژمارەیەكی زۆری بەرپرسانی سیاسی و كەسایەتی و نوێنەری رێكخراوەكانی هەرێمی كوردستان و نوێنەری وڵاتانی بیانی لە هۆتێل رۆتانای شاری هەولێر بەڕێوەچوو.

لەو مەراسیمەدا هێنری هاگارد كونسوڵی گشتیی ئەمەریکا لە هەولێر بە وەکالەت لە وتەیەكدا سوپاسی ئامادەبوونی سەرۆك بارزانی كرد لە مەراسیمەكە و خۆشحاڵیی خۆیانی پيشان دا کە ئەو مەراسیمە لە هەولێر بەڕێوە دەچێت.

هه‌روه‌ها هاتووه‌: دواتر دۆگڵاس سڵیمان باڵیۆزی ئەمەریکا لە عێراق لە وتەیەکدا وێڕای بەخێرهێنانی سەرۆک بارزانی و میوانەکان باسی لە پەیوەندی و دۆستایەتیی نێوان ئەمەریکا و كوردستان كرد و جەختی لەسەر پاراستن و پەرەپێدانی ئەو پەیوەندییانە کردەوە.

به‌ گوێره‌ى زانيارى ماڵپه‌ڕى سه‌رۆكايه‌تى، هەر لە وتارەکەیدا باڵیۆزی ئەمەریکالەعێراق وێڕای ئاماژەدان بە هەڕەشە و پەلاماری تیرۆریستانی داعش، پێزانینی هەبوو بۆ قارەمانێتی و قوربانیدانی هێزی پێشمەرگەی كوردستان لە تێكشكاندنی تیرۆریستان و هەروەها پاراستنی پێكهاتە نەتەوەیی و ئایینییەكانی عێراق و هەرێمی كوردستان و حەواندنەوەی ئەو ژمارە زۆرەی پەنابەران.

له‌ به‌شێكى ديكه‌ى مه‌راسيمه‌كه‌دا، وتاری حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە لایەن فەلاح مستەفا بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان خوێندرایەوە. لە بەشێکی وتارەکەی حکوومەتی هەرێمی کوردستاندا هاتبوو:

"مافى بڕیاردانى چارەى خۆنووسین مافێکى سروشتى هەموو گەلانە، ئەمەریکا پێش ساڵى 1776 وڵاتێکى سەربەخۆ نەبوو بەڵکو رۆژى ٤ى تەممووزى ساڵى 1776 کە گەلى ئەمەریکا بڕیاریان دا کە خەڵکى تر نابێت هیچى تر حکومڕانیان بکات و سەربەخۆیى خۆیان و سەربەخۆیى و ئازادیان راگەیاند".

هەر لە وتارەکەی حکوومەتی هەرێمی کوردستاندا ئاماژە بەوە کرابوو کە گەلی کوردستان دوای ئەو هەموو نەهامەتی و ئازارەی چەشتوویەتی بڕیاری خۆی داوە و دەیەوێ ئازاد بێت، هەروەکچۆن ئەمەریکییەکان 241 ساڵ پیش ئێستا بڕیاریان لەبارەی چارەنووسی خۆیان دا.

لە کۆتایی وتارەکەیدا بەرپرسی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان گوتی: ئێمە دەڕوانینە ئەو ڕۆژەی کە گەلی کوردستان یادی ڕۆژی سەربەخۆیی خۆیان بکەنەوە.